ڤالڤێردی: هەموو رۆژێك میسی شتێكی نوێمان فێر دەكات

:: AM:10:56:19/03/2018 ‌

ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی سەرسامی خۆی بە ئاستی ئەستێرەی تیپەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی دەربڕی بەتایبەتیش لە یارییەكەی دوێنێ یەكشەم بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو.

دوێنێ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 29ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەتلەتیك بیلباوی بردەوە، لەو یارییەدا میسی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و گۆڵێكیشی تۆمار كرد.

دوای یارییەكە ڤالڤێردی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەموو رۆژێك میسی شتێكی نوێ و جیاوازمان فێر دەكات، ئەو باش دەزانێ لەنێو یاریگە پێویستە چی بكات و تیپەكەی پێویستی بە چی هەیە.

لەبارەی عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی لاوی فڕەنسیش رایگەیاند: یاریزانێكە چەندان تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام پێویستی بە بەرزكردنەوەی ئاستی زیاتر هەیە و هەموو هەفتەیەكیش ئاستی یاریكردنی بەرزتر دەبێتەوە.

یانەی بەرشەلۆنە بەم سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی كردە بە 75 و بەبێ ركابەری هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مایەوە.

سەبارەت بە هەلی بردنەوەی هەرسێ ناسناوە گەورەكە بۆ یانەی بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: هەرچەندە هەلی بردنەوەی هەرسێ ناسناوەكەمان لەم وەرزەدا هەیە، بەڵام تا ئێستا یاریی زۆرمان لەبەردەم ماوە و بەدەستهێنانیان هێشتا دوورە، ئەگەر راستگۆتربم ئەوا یارییەكانی مانگی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م