نیمار مەرجی بۆ مانەوەی لە پاریس سان جێرمان داناوە

:: AM:11:06:19/03/2018 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی مەرجی بۆ سەرۆكایەتی یانەكەی داناوە تا وەرزی داهاتوو لەگەڵیان بمێنێتەوە.

بەم دواییە دەنگۆیەكی گەورە بڵاو ببووەوە سەبارەت بە چوونی نیمار بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەوەرزی داهاتوودا.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (تایمز)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: مەرجەكەی نیمار بۆ مانەوەی لە یانەی پاریس سان جێرمان لە وەرزی داهاتوودا زیادكردنی مووچەی مانگانەكەیەتی.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد: نیمار داوای كردووە هەفتانە ملیۆنێك و 130 هەزار یۆڕۆی وەك مووچەی پێ بدەن تا دەستبەرداری بیرۆكەی چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید بێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئێستا هەفتانە 750 هەزار یۆرۆ وەردەگرێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە: نیمار ئەم داواكارییەی راستەوخۆ خستووەتە بەردەمی ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان لە سەردانەكەی هەفتەی رابردووی بۆ وڵاتی بەڕازیل.

جێی باسە نیمار ماوەی چەند رۆژێكە نەشتەرگەری بۆ قاچی راستی كردووە دوای ئەوەی لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی مارسیلیا لە خولی فڕەنسا تووشی پێكان بوو و بەهۆیەوە نەیتوانی بەشداری یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بكات بەرامبەر یانەی ریال مەدرید، كە تێیدا یانەكەی بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ دۆڕا.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م