103 رێكخراوی مەدەنی داوای هەڵبژاردنی كوردستان دەكەن

:: AM:11:47:19/03/2018 ‌


بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چەندان رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتی داوا دەكەن پەلە بكرێت لە دەستنیشانكردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ترسی ئەوەش ناشارنەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەگەرە و گرفت بخاتە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.


لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، 103 كەسایەتی و رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەكەن با ئیتر هەڵبژاردنەكانی كوردستان بە پێی یاسا و لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. هاوكات لە ڕووی  یاسایی، سیاسی و كۆمسیۆنەوە زەروورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا خراوەتەڕوو، پشت بە بڕگە و مادە یاساییەكان بەستراوە.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكە مەترسی رێگریكردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەخاتەڕوو ئەگەر ئەو لایەنە بەشدارانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگیان كەم بكات، تەگەرە بخەنە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستن لە كاتی خۆیدا، پێچەوانەكەشی راستە و ئەوەی دەنگی زیاتر بهێنێت دەیەوێت پەلەی لێ بكرێت، ئەمەش گرژی نێوان لایەنەكان زیاتر دەكات.

بەیاننامەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان، حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان و كۆمسیۆن كراوە، هاوكات رەخنە لە پارتی و یەكێتی، گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی دەگرن بەوەی پارتی سەرۆكایەتی حكوومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆنی بەدەستەوەیە، وێڕای دووجار كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمسیۆن و ناردنی نامە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا رۆژەكە دەستنیشان نەكراوە، دەڵێن هۆكار چییە رۆژەكە دەستنیشان نەكراوە.

لە بارەی یەكێتیی نیشتمانییەوە كە مەرجیان پاك كردنەوەی تۆ تۆماری دەنگدەرانە، ئەوان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆن بەشدارن، تا بەكردەوە هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ تەرخانكردنی بودجەی هەڵبژاردن و دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامییە كە دەڵێن ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و تاكە مەرجیان پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە، ئەوان نوێنەریان لە كۆمسیۆن و پەرلەماندا هەیە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كردارییان لەو بارەیەوە نەهاوێشتووە كە دەبوایە لە (6/3/2018)ەوە رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت.

لە بەیاننامەكە هێما بۆ ئەوەیش كراوە، داوا دەكەین بۆ رێزگرتن لە یاسا، بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بۆ دروستكردنەوەی حكوومەتێكی نوێ، پەلە بكرێت لە دیاری كردنی رۆژی هەڵبژاردن، و هاوكات بودجەی پێویست بۆ هەلبژاردن تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی كۆمیسیۆن دەست بە هەنگاوە پراكتیكیەكان بكات.



وشە - فه‌رمان سادق