لیره‌ى توركى بۆ نزمترین ئاست داده‌به‌زێت

:: PM:01:13:19/03/2018 ‌


ئه‌مڕۆ به‌هاى لیره‌ى توركی له‌ بازاڕه‌كانى دراو دابه‌زى، به‌ رێژه‌ى زیاتر 4% له‌ به‌رامبه‌ر یۆرۆ دابه‌زى، هه‌روه‌ها له‌ مانگى دیسێمبه‌ره‌وه‌ نزمترین ئاستى له‌ به‌رانبه‌ر دۆلار تۆماركرد.

به‌پێى هه‌واڵێك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئاژانسه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و سایتى سكاى نیوزیش به‌ هه‌واڵێكى پوخت باسى كردووه‌، ئه‌مڕۆ له‌ بازاره‌كانى دراو له‌ دنیادا به‌هاى لیره‌ى توركى دابه‌زیوه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر دۆلار و یۆرۆ نزمترین ئاستى تۆمار كردووه‌.

سایته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ چه‌ند هۆكارێك كردووه‌، له‌وانه‌ى  ترسى وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشبینییانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ر كۆى ئابوورى توركیا هه‌یه‌، هۆكارێكى تریش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رى به‌رزبوونه‌وه‌ى سووى ئه‌مه‌ریكا له‌ ئارادایه‌.

له‌ به‌رانبه‌ر یۆرۆدا %4 پله‌ دابه‌زیوه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكیش لیره‌ى توركیا %3.9  تۆمار كردووه‌، كه‌ له‌ مانگى دیسێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌م ئاسته‌ى تۆمارنه‌كردووه‌، بۆیه‌ به‌نزمترین ئاست داده‌نرێت.

جیا له‌ دابه‌زینى به‌هاى لیره‌، ئاماژه‌ى سه‌ره‌كى پشكى توركی له‌ بازاڕه‌كان به‌ پله‌ى 0.85 % دابه‌زى.

لیره‌ى توركى نوێ هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندان سفرى لێ سڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا به‌هایه‌كى به‌هێزى له‌به‌رانبه‌ر دۆلار نییه‌، پێشتر به‌ر له‌وه‌ى  شه‌ش سفرى بۆ بسرێته‌وه‌، ملیۆنێك لیره‌ له‌ به‌رانبه‌ر یه‌ك دۆلار بوو.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل