عێراق..بانگەشەی پێشوەختە و ساختەكاری گومانی لەسەر هەڵبژاردن دروست كردووە

:: PM:01:13:19/03/2018 ‌


ئەگەرچی هێشتا كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ماویەتی، كاندیدەكان هەڵمەتی پڕوپاگەندەی پێشوەختیان دەست پێكردووە و شەقامەكانی بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەنیوە بە پۆستەرەكانیان، زۆرینەی بەڵێنەكانیشیان باشتركردنی خزمەتگوزاری و دامەزراندن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە. هاوكات سوننەكانیش ترسی خۆیان لە ئەنجامدانی ساختەكاری ناشارنەوە.

گەنجێكی 28 ساڵی دەڵێ، بانگەشەی هەڵبژاردن شتێكی نوێ نییە و گەلانی عێراق باش دەزانن مەبەست لێی دەستخستنی دەنگە و هیچ تر نا، بەڵكو ئەو دروشمانەی هەڵیانگرتووە هیچی جێبەجێ ناكرێت.

محەمەد حوسێن دەپرسێ كوانێ بەڵێنی بەرپرسانی نوێ كە لە بانگەشەكانیان چوار ساڵ پێش ئێستە رایان گەیاندبوو خزمەتگوزاری باش دەكەین؟ ئەگەر ناتوانن ئەوە بكەن، بۆچی هەموو چوار ساڵ جارێك ئینجا دەڕژێنە سەر شەقامەكان، چوار ساڵ پێش ئێستە ئەو دیمەنانەمان بینیوە و هیچیشی لێ سەوز نەبووە.

بۆچوونی محەمەد، بۆچوونی زۆر لە شەقامی عێراقییە كە بەرپرسان تەنیا لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵكیان بە بیر دێتەوە و سەردانی بازاڕەكان دەكەن، جگە لەمە بەشی زۆری بەڵێنەكانیان هەمان بەڵێن و دروشمەكانی خولی رابردووە كە هیچی لێ بەدی نەهات.

لەسەر دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رۆژی 10ی مانگی داهاتووی دەستنیشان كردووە وەك رۆژی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن، كۆمسیۆن هۆشداری توند دەدات بە كاندیدەكان.

لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، كۆمسیۆن رای دەگەیەنێ هەر كاندیدێك بانگەشەی پێشوەختەی دەست پێ كردبێت، ئەوا بێ بەشی دەكەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

حازم ردینی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەڵێ، كۆمسیۆن لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دەستنیشانكردنی سەرپێچییەكان بۆ سەپاندنی سزای پێ بژاردن بە كاندید و قەوارەكان ئەگەر پێش كاتی دەستنیشانكراو بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەكەدا دەڵێ، رەنگە سزای پێژماردن دوو هێندە ببێتەوە ئەگەر سەرپێچییەكە دووبارە ببێتەوە، تەنانەت رەنگە بگاتە رێگرتن لەو كاندیدە بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

هاوكات هێزە سوننەكان ترسی خۆیان لە ساختەكاری ناشارنەوە، بەهۆی بوونی هێزێكی زۆری میلیشیاكانی حەشد لە ناوچەكانیان، ئەمەش لە كاتێكدایە هاوپەیمانی فەتح كە نوێنەرایەتی میلیشیاكانی حەشد لە هەڵبژاردن دەكات، نوێنەری لە پارێزگا سوننەكانیش هەیە.

حامد موتڵەگ سەرۆكی حزبی "حیوار و تەغیر" ترسی خۆی لە ساختەكاری ناشارێتەوە و داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنیش دەكات بە ئەركی سەرشانی هەڵسێت و كاتی هەڵبژاردن بەسەر دەنگدەران دابەش بكات.

حامد كە پەرلەمانتارە لەسەر پارێزگای ئەنبار قسەی بۆ رۆژنامەی "قودس" كرد و گوتی، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكات، هاوكات داواش لە حكوومەتی عێراق لە رێی دامەزراوە تەناهییەكانی ئەوانەی جێی باوەڕن چاودێری هەڵبژاردن بكات ئەگەرنا پرۆسەكە شكست دەهێنێت.

لێدوانەكەی موتڵەگ هاوكاتە لەگەڵ بۆچوونی رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری عێراقی لەسەر هاوپەیمانی هێزە سوننەكان كە كاندیدە لەسەر پارێزگای دیالە، ئاشكرای دەكات هێزە سوننەكان نیازیان هەیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا بكەن لە كاتی هەڵبژاردندا ناوچەكانیان بپارێزن.

ئەو گوتی "قەوارە سوننەكان خۆیان لەبەردەم ئاڵنگارییەكی گەورە دەبیننەوە، بە تایبەت دوای ئاماژەكانی دەستوەردانی سیاسی لە چەند ناوچەیەكی زۆرینە سوننەنشین و هەڕەشەكردن لە جەماوەر".

دەهلەكی روونی كردەوە كە هێزە سوننەكان داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمەریكا دەكەن ئاسایشی ناوچە سوننەكان لە كاتی هەڵبژاردن بپارێزن، بەو پێیەی ئەمەریكا ئەو لایەنەیە كە پاراستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە ئەستۆدایە".

هاوكات هەندێك لایەنی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە ناو هەندێك لیست و قەوارەدا كەسانی "خیانەتكار" كاندید كراون، ئەمەش بە مەترسی بۆ سەر ئایندەی عێراق لێكدەدەنەوە.

محەمەد سەیهوود پەرلەمانتار و كاندید لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی رەخنە لە لیست و قەوارە سوننەكان دەگرێت كە كەسانێكی وەهایان كاندید كردووە كە تۆمەتی خیانەتی لەسەرە.

سەیهوود لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، دەڵێ هەندێك قەوارە و لیستی سیاسی هەن كەسانێكیان كاندید كردووە كە گومانی خیانەتكارییان لەسەرە، ئەمەش بێڕێزی كردنە بە هەستی عێراقییەكان كە هەوڵێكی زۆریان داوە لە پێناو ئازادی عێراق لە دەستی داعش.

زیاتر گوتی "هەندێك كەسایەتی هەن لە ریزی هەندێك لیست و هاوپەیمانی، ئەوان كەسانی ناسراون بە خیانەتكردنیان لە عێراق و هەوڵی كودەتا بۆ شكستخواردنی پرۆسەی سیاسی لە چوارساڵی رابردوودا، ئەوان هەوڵیان دەدا عێراق بگەڕێننەوە پێش 2003".

ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بێ ئەوەی ناوی هیچ یەكێك لەو كاندیدانە ئاشكرا بكات، داوای لە لیست و هاوپەیمانیەتییە سوننەكان كرد كە هەوڵبدەن ئەو "خیانەتكارانە" لە ریزی هاوپەیمانی و لیستەكانیان دوور بخنەوە، ئەوان كەسانێكن زیاتر بە دوای بەرژەوەندی كەسی خۆیانەوەن نەك خەڵكەكەیان و گەلانی عێراق.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشداوە كە هەندێك كەسایەتی هەن دەیانەوێت لە ژێر پەردەی ئاشتەوانی نیشتمانی خۆیان بخزێننە ناو پرۆسەی سیاسی ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە و زیان بە هەموو دەستكەوتەكانی گەلانی عێراق دەگەیەنێت.





وشە - فه‌رمان سادق