پۆستێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەت پڕ كرایەوە

:: PM:02:11:19/03/2018 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پۆستێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕ كردەوە و بە فەرمانێك كەسێكی نوێی لە سەرۆكی دەزگەی گشتیی كاروباری مینی هەرێمی كوردستان دانا.

ئەمرۆ دووشەم19ـی ئادار، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی دەستەی كاروباری مین هاتووە،  بەئامادەبوونی نیازی خالید بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و گشتی و فەرمانبەرانی دەزگە، سیراج بارزانی وەك سەرۆكی نوێی دەزگەی مین دەستبەكاربوو.

لە ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، سەرۆكی نوێی دەزگە لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ستافی كارگێڕی و تەكنیكی دەزگە، تیشكی خستە سەر گرنگی دەزگە لە بواری مرۆیی و ڕۆڵی لە پاراستنی  گیانی هاووڵاتییان، دواتر ناوبراو بەمەبەستی ئاگەداربوون لە كاروبارەكان، سەرجەم بەش و هۆبەكانی دیوان  و سەرۆكایەتی دەزگەی بەسەركردەوە و گوێی لە پێشنیاز و داواكاری فەرمانبەران گرت.

ئاماژە دراوە، لە كاتی سەردانەكە فەرمانبەران و كارمەندان خۆشحاڵی خۆیان  دەربڕی و هیوایان  خواست بە هەوڵ و كۆششی هەموولایەك بتوانن خاكی پیرۆزی كوردستان لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەكان پاك بكەنەوە.

دانانی سیراج بارزانی لە شوێنی محەمەد ئەحمەدە كە پێشتر لەسەر پشكی كۆمەڵی ئیسلامی ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، بەڵام دوای كشانەوەی حزبەكە لە حكوومەت، پۆستەكە بە بەتاڵی مایەوە و ئێستەیش كەسێكی تر لە شوێنی دانرا.
 




وشە - رامیار جەواد