وردەكاری نوێی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئاشكرا كرا

:: PM:02:35:19/03/2018 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان داوای كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە دەكات بەمەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، ئەو دۆسیەیە پێویستی زۆری بە لێكۆڵینەوەی قووڵ نییە، چونكە كات و شوێنی خیانەتەكە و خیانەتكاران دیارن.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئادار/مارس، فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نووسراوێكی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران  ئاماژەی داوە، هەرچەندە هەوڵی زۆرمان دا لە پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە تایبەت بە 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی پێكبهێنرێ، بەڵام بە داخەوە ئەمە نەكرا، ئەگەر بشگەڕێینەوە پرۆتۆكۆلی دانیشتنەكانی پەرلەمان، زۆر بە روونی دیارە كە كێ لەگەڵ ئەمە نەبووە و چۆنیش نەهێڵرا ئەم لیژنەیە پێك بێت و تەنیا تایبەت كرا بە رەوشی خورماتوو.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان هێما بۆ ئەوەیش دەكات،  داوا دەكەم لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەرسێ سەرۆكایەتیی، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی گەڕان بەدوای راستییەكان(لێكۆڵینەوە) بدەن بە سەرۆكایەتیی ئەندامێكی دادگای تەمیز و ئەندامێتی هەریەك لە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش و داواكاری گشتی، هەروەها پێمانوایە ئەم لیژنەیە بۆدەسكەوتنی بەڵگە و دیكۆمێنت و گەیشتن بە ڕاستییەكان، كەمترین كات و ماندووبوونی پێویستە.

سۆفی گوتی، لێدوانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و بەیاننامەكان كە وەك باران دادەبارین بۆ وەڵامی زۆر پرسیار یەكلاكەرەوەن،سەردانەكان بۆ لای بەرپرسی گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی و گرێدانی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكان خۆیان دەدوێن و پێم وانییە شیكردنەوە هەڵبگرن.

فرسەت سۆفی لە بەشێكی تری نووسراوەكەی ڕوونی كردووەتەوە كە بەیاننامە و لێدوانی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و فەرماندە سەربازییەكان و پێشمەرگەكان ئەركی لیژنەكە ئاسانتردەكەن، كشانەوە لە 12 لیوای هاوبەش لە شەو ڕۆژێك و خۆ بە دوورگرتن لە شەڕی بەرگری و خستنەگەڕی ماكینەی راگەیاندن بۆ شكاندنی ورەی پێشمەرگە پرسیاری زۆر هەڵناگرێت، دەرچوونی نووسراوی فەرمی لە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رۆژی ١٨ی ئۆكتۆبەر بە پێدانی20هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پاڵاوگەیەك لە خزمەتی كارئاسانی لیژنەكە دەبێت.

لە بەشێكی تر دەڵێ، لێدوانە دژ بەیەكەكان و هەوڵەكانی دابەشكردنەوەی كوردستان و دەقی رێككەوتنەكان پارێزراون و بۆ لیژنەكە سوودیان دەبێت، خۆ ناشكرێت سوپاس و ستایشی سەرۆك وەزیران و سەركردەكانی ئێران و حەشدی شەعبی نادیدە بگرین كە بە لێشاو رێزی هەڵوێستی پاشەكشە و رادەستكردنی كەركووكیان دەكرد، ئەمانە ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانەن كە بەخۆیان هاوار دەكەن و كەمترین ماندووبوونی ناوێت، بەڵام زۆریشن ئەو دانیشتن و رێككەوتنانەی كە پێش كۆبوونەوەی دووكان ئەنجامدران و ئێمە كات و شوێن و ناوەڕۆك و لایەنە بەشدارەكانیشی دەزانین. تەواوی وردەكاریی پیلانەكەو رۆڵی وڵاتانی هەرێمیش زانراوە و هەر كات لیژنەكە پێك هات، بە ئامادەكراوی دەخرێتە بەردەستیان.

لە كۆتای داواكارییەكەدا هاتووە، زۆر گرنگە ئەمەی لە ١٦ی ئۆكتۆبەر رووی دا، هەروا بەئاسانی تێپەڕ نەكات، بۆ ئەوەی چیتر نیشتمان فرۆشتن بە نیشتمانپەروەری پێمان نەفرۆشرێتەوە.

16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی فەرمانی پاشەكشەیان بە پێشمەرگە دا و بە بێ تەقە كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكان كرد، لە پێناوی دزینی نەوتی شارەكە بە قاچاغ و فرۆشتنەوەی لە وڵاتێكی دراوسێ، لە ئەنجامی ئەو خیانەتە 170 هەزار هاووڵاتی كورد ئاوارەبوون و 600 خانوو و دووكانی كورد سووتێنرا و تەقێنرانەوە، سەدان كورد گیران و دزی و تاڵانی ماڵ و سامانی كورد لە كەركووك و خورماتوو و خانەقین حەلاڵا كرا.



وشە - رامیار جەواد