هەڵوێست لەسەر ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە وەردەگیرێت

:: PM:02:37:19/03/2018 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، پێویستە بەغدا زەمانەتی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات و بەردەوام بێ‌ لەسەر ناردنی مووچە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئادار/ مارس، موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، نیگەرانین لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی كە راگەیەنراوە و پێویستە بەبێ‌ پاشەكەوت فەرمانبەران مووچە وەربگرن.

روونی كردەوە كە پێویستە بەغدا زەمانەتی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات و بەردەوام بێ‌ لەسەر ناردنی مووچە، بەڵام بەبێ‌ پاشەكەوت و بە تەواوی مافەكانی تری هەرێمی كوردستانەوە.

هاوكات شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەكەدا ڕای گەیاند، داوا دەكەین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان قبووڵی نەكات، بەغدا مووچە بەم شێوەیە بنێرێت.

جەودەت دووپاتی كردەوە  لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و پێویستە لەوێ‌ بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت كە بەغدا مووچەی تەواوی فەرمانبەران بنێرێت، چونكە بەغدا دەتوانێ‌ مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بكات.

لێدوانی فراكسیۆنەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە كاتێكدایە كە بەغدا بڕیاری ناردنی بڕێك پارەی بۆ هەرێمی كوردستاندا بە مەبەستی دابەشكردنی مووچە، بەڵام پارەكە بەشی تەواوی مووچەی فەرمانبەران ناكات و حكوومەتی هەرێم بە سیستەمی پاشەكەوت دابەشی دەكات.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم