١٩٧ پەرلەمانتاری ئەوروپا بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك، پشتیوانی خۆیان بۆ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكانی چەند مانگی رابردووی ئێران دەردەبڕن و داوا لە یەكێتیی ئەوروپا و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەن لەو بوارەدا هەڵوێستی رژدیان هەبێت.
لەو بەیاننامەیەدا كە ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە، ژمارەی كوژراوان و قوربانییانی ئەو خۆپێشاندانانەی لە سەرەتای ئەمساڵ لە ئێران روویان دا، بە دەیان كەس هەژمار كردووە و نووسیویەتی تەنیا لە ناو گرتووخانەكان سەرووی ١٣ كەس گیانیان لە دەست داوە كە بە هۆی ئەشكەنجەی هێزەكانی ئێران بووە.
هاوكات باسی لەوە كردووە لەسەر شەقامەكانیش لانی كەم ٢٥ خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە تەناهییەكانی ئێران كوژراون .
یەكەم كەس كە واژووی لەسەر بەیاننامەكە كردووە، ژرار دووپرەیە كە بە سەرۆكی گرووپی "دۆستانی ئێرانی ئازاد" هەژمار دەكرێت و لە پەیامێكی ڤیدیۆییشدا رای گەیاندووە، "پێش نەورۆز ئاواتەخوازین نەورۆزی نوێ نەورۆزی ئازادی و دیموكراسی بێت بۆ خەڵكی ئێران."
ئەو باسی لەوەش كردووە كە زۆر لە خەڵكی ئێران بە ئاشكرا رایان گەیاندووە كە دەیانەوێت رژێمەكەیان بگۆڕن.
پەرلەمانی ئەوروپا ٧٥١ نوێنەری هەیە و لە ٢٨ وڵاتی ئەوروپی پێكهاتووە.
سەرچاوە/رادیۆ فەردا