دوو بوومەلەرزە لە چەند ناوچەیەكی كوردستان ڕووی دا

:: PM:03:00:19/03/2018 ‌
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئادار/ مارس، دوو بوومەلەرزە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان روویان دا و شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانی هەژاند و لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەستی پێ كرا.

سەرچاوەیەكی كەشناسی لە گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، دوو بوومەلەرزە لە سنووری گەرمیان روویان داوە كە یەكەمیان لە سەعات 01:39 ی پاش نیوەڕۆ بووە و لە گوندی سەنگەری سەر بەشارەدێی قۆرەتوو بەگوڕی 3.7 بە پێوەری رێختەر و لە قووڵایی 10 كیلۆمەتر، دووەمیان دوای دوو خولەك لە سەعات 01:41 ی پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك گوندی سەیدخەلیلی باكوری شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە گوڕی 3.3 بەپێوەری ڕێختەر لە قووڵایی حەوت كیلۆمەتر ڕووی دا.

هاوكات جەعفەر فەرەح بەڕێوەبەری هۆبەی كەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، زانیارییەكانی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، بوومەلەرزەكان لەلایەن هاووڵاتییانی سنوورەكە هەستیان پێ كراوە.

ئاماژەی بەوەیش كرد كە لەماوەی ئەم مانگەدا ئەوە یەكەمین بوومەلەرزەیە لەو سنوورە ڕوو بدات.

روودانی ئەو بوومەلەرزەیە لەكاتێكدایە كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەیەك بوومەلەرزە لە هەرێمی كوردستان ڕوویان دا و شارۆكەی دەبەندیخان زۆرترین زیانی لێ‌ كەوت.
 
گەرمیان / سەبری هۆرینی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم