بۆ نەورۆز و بەهار..500 هەزار گەشتیار ڕوو لە كوردستان دەكەن

:: PM:04:07:19/03/2018 ‌


كردنەوەی فڕۆكەخانە و رێیە سەرەكییەكان و دەروازەكان لەلایەك، باشتربوونی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەلایەكی تر، كاریگەری لەسەر هاتنی ژمارەیەكی زۆرتری گەشتیار بۆ كوردستان دادەنێت. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێ پلان هەیە ئەمساڵ 500 هەزار گەشتیار زیاتر روو لە كوردستان بكەن، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای میوانخانە و چێشتخانەكانیش دەڵێ، زۆرینەی میوانخانەكان لەلایەن گرووپە گەشتیارەكانەوە بەكرێ گیردراون.

چەند رۆژێك ماوە بۆ جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2718ی كوردی، بەگوێرەی ئاماژەكانی دەستەی گەشتوگوزار و سەندیكای میوانخانە و چێشتخانەكان بۆ جەژنی ئەمساڵ، ژمارەیەكی زۆر گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بە تایبەت دوای كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و هەڵگرتنی رۆتین لە بازگەكان بۆ گەشتیاران و لابردنی رسوومات بۆ گەشتیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دووپات لەوە دەكاتەوە چەندە ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت لە رێگەوبان و بازگە و دەروازەكان، هێندە زیاتر سەرنجی گەشتیاران رادەكێشێت و كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر هاتنی گەشتیاری زیاتر، ئەوەشی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر بۆ گەشتیاران كردوویانە، بێگومان رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت و دەبێتە هۆی بە بازاڕكردنی هەرێمی كوردستان و ناوبانگەكەشی بەرزتر دەكاتەوە، بە پێچەوانەوەش هەر راستە.

بە پێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو لەنێوان مانگی كانوونی دووەم تا ئەیلوول زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە كوردستان كردووە، بەڵام دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر گەشتیار بۆ كوردستان بەشێوەیەكی ئێجگار زۆر دابەزیوە.

گوتەبێژی دەستەی ئامار ئاشكرای دەكات، پلانیان هەیە بۆ ئەمساڵ ژمارەی سەردانی گەشتیاران بگەیەننە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار، ئەوەش دەخاتەڕوو كە باشتربوونی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كردنەوەی فڕۆكەخانە و رێی سەرەكیی نێوان شارەكانی كوردستان بە شارەكانی تری عێراق، هەروەها وەرنەگرتنی رسوومات لە گەشتیاران بە تایبەت بۆ مانگی نەورۆز كاریگەریی ئەرێنی دروستدەكات و سەرنجی زیاتری گەشتیاران رادەكێشێت.

نادر گوتی "بەپێی خوێندنەوەی ئێمە بۆ رووداوەكان وەك باسمكردن، هاندەرن بۆ زیادكردنی ژمارەی گەشتیار، بەڵام مەرج نییە ژمارەكە لە جەژنی نەورۆز زیاد ببن، بەڵكو كاردانەوەی رووداوەكان لە ئایندەدا رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیار".

بۆ راكێشانی سەرنجی گەشتیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان، دەستەی گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانی راسپاردووە كە سەردانی رۆژهەڵات بكەن و لەگەڵ كۆمپانیاكانی گەشتیاری گفتوگۆ بكەن و دیدار و كۆبوونەوە و وۆركشۆپ بكەن تا لێكتێگەیشتنی باشتر هەبێت و كاری باشتر بەیەكەوە بكەن بۆ زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران. گوتی "لابردن یان وەرنەگرتنی رسوومات لە گەشتیارانی بیانی، كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر هاتنی ژمارەیەكی زیاتر".

لە هەولێر زیاتر لە 780 میوانخانە و كافتریای گەشتیاری بە فەرمی مۆڵەتیان هەیە، لە تەواوی كوردستانیش ژمارەكە نزیكەی دوو هەزار میوانخانە و كافتریای گەشتیاری دەبن.

زیرەك بەییە بەرپرسی لقی هەولێر سەندیكای میوانخانە و چێشتخانەكان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەشی زۆری هوتێلەكانی هەولێر لەلایەن كۆمپانیاكانی گەشتیاری بەكرێ گیراون و چاوەڕوانی هاتنی گەشتیارەكان دەكەن.

ئەوەشی خستەڕوو كە كردنەوەی دەروازەی هەولێر- كەركووك كاریگەری ئێجگار گەورەی لەسەر هاتنی گەشتیارێكی زۆر بۆ هەولێر دەبێت. گوتی "بۆ جەژنی نەورۆز گەشتیارێكی زۆر دێت، بەڵام وەك ساڵانی رابردووش نابێت".



وشە - فه‌رمان سادق