حدک: ئەم هێرشە نوێیانە بۆ سەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات پێوەندی بە 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەیە


لە شەوی یەڵدای ساڵی رابردووەوە، سێ هێرشی تیرۆریستی لە خاكی باشووری كوردستان دژی هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان و دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجام دراون كە بە هۆیانەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و فەرماندە شەهید بوون. دوایین هێرش شەوی شەش لەسەر حەوتی ئادار بوو كە فەرماندەیەكی حدك تیرۆر كرا. كارۆ رەسووڵی بەرپرسی بەشی زانیاریی دەزگەی ئەمنیی حزبی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات كە "ئەمە درێژەی ئەو زنجیرە كارانەیە كە رژێمی ئێران لە دەیەی نەوەت دژی هێزەكانی رۆژهەڵات ئەنجامی دان و ئێستەش دەیەوێت سیناریۆكانی رابردوو دووبارە بكاتەوە".

رەسووڵی لەم دیمانەیەی "وشە"دا دووپاتی دەكاتەوە كە " ئەم دۆخە تەناهییە تایبەتییە هاتووەتە پێش، بەشێكی پێوەندی بە رووداوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری كەركووك و ئەو دۆخە هەیە لە ناوچەكە هاتووەتە كایەوە".
 
هێرشی سەر كادر و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان دەستی پێ كردووەتەوە و وەك لە بەیاننامەكانی خۆتان دەردەكەوێت لە ماوەی رابردوودا لە قووڵایی خاكی باشووری كوردستان، هەندێك تیرۆر ئەنجام دراون، ئێوە لەمەودوا بە چ شێوەیەك ئاسایشی كادر و پێشمەرگەكانتان دەپارێزن؟

ئێمە بە حوكمی ئەوەی لە شاخ نین و هێزێكی شۆڕشگێڕی سیاسین، پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی پێشمەرگە و بەرپرس و كادیرەكانمان زۆر ئاسان نییە، چونكە بەوە راهاتوون لە باشووری كوردستان ئازادانە بسووڕێنەوە، ئێستەیش كە ئەم دۆخە تەناهییە تایبەتییە هاتووەتە پێش، بەشێكی پێوەندی بە رووداوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری كەركووك و ئەو دۆخە هەیە لە ناوچەكە هاتووەتە كایەوە و بەشێكی تریشی پێوەندی بە هەندێك چالاكی سیاسیی حزب لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و چوونی پێشمەرگە بۆ شاخ هەیە. بەرپرسانی رژێم نەیانشاردووەتەوە و لە میدیاكانی خۆیشیان باسی دەكەن و دواجار وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە وەڵامی كوژرانی چەند پاسدارێك لە پیرانشار، بە ئاشكرا هەڕەشەی لە حزبی دیموكرات كرد. دەزگەكانی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام لەوە ئاگاداریان كردووینەتەوە زیاتر ئاگامان لە خۆمان بێت و باشتر لە جاران رێوشوێنی تەناهی بگرینە بەر.

ئایا ئەم هێرشە تیرۆریستییانە كاریگەرییان بۆ سەر ئەوە دەبێت هەردوو باڵی حزبی دیموكرات چالاكییەكانیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بوەستێنن كە ئێوە لە چوارچێوەی "پارێزەرانی رۆژهەڵات" و دیموكراتەكەی تریش لە ژێر ناوی "راسان" گرتووتانەتە بەر؟
خۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەیەك پێش ئێستە كورتە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری بڵاو كردەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو فیلمە زۆر ئامانجدارانە بوو، یەكەم پەیامیان بۆ ئێمە و دواتر بۆ باشووری كوردستان و پاشانیش بۆ هەموو حزبەكان بوو، لەوێدا دەڵێت قەرارگای رەمەزان و حەمزە پێداچوونەوەیان كرد بە رەفتار و كرداری خۆیان بە نیسبەت هێزەكانی باشووری كوردستان، لە كۆتاییدا دەڵێت دوای ئەو چالاكییانە ئارامی گەڕاوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان. پێویستە كۆماری ئیسلامی باش ئەوە بزانێت ئەو جووڵانەی هەرگیز كاریگەری لەسەر لاوازكردنی پێگە و رۆڵی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی كورستان نابێت. هەڵبەت ناڵێین تیرۆر بە تیرۆر وەڵام دەدەینەوە، چونكە خۆمان دژی تیرۆرین، بەڵام ئەگەر تیرۆر لامان شتێكی خراپ بێت، ئەوا ئەزموونمان هەیە و بێدەنگ و بێهەڵویستیش نابین. تۆڵەی ئێمە درێژەدانە بە رێبازی ئەم شەهیدە، ئەوان بە هیچ شێوەیەك بەم كارەیان ناتوانن ئێمە بترسێنن، بەڵكو وەفادارترمان دەكات بە رێبازەكەمان.

دەزگەی داد و دادگاكانی هەرێمی كوردستان لەم جۆرە تاوانانە دەتوانن چ رۆڵێكی ئەرێنییان هەبێت؟

پێم خۆشە سوپاسی هێزە تەناهییەكانی باشووری كوردستان بكەم، هەرچەندە بەداخەوە دوو بەشە، بەڵام بە خەم ئەو رووداوانە هاتوون. بەڵام دەزگەی دادوەری بەرەوپیلی نەهاتووە. دەزگەكانی ئاسایش و تەناهیی كوردستان وەك ئێمە شەونخوونیان كێشاوە و بەدوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بوون، ئەگەرچی ئێمە دەزانین گوشارێكی زۆری ئێران لەسەر دەزگەكانی باشووری كوردستانە و بەردەوام ئەوان بانگ دەكرێن كە دەبێت ئارامی شارەكانی ئێران بپارێزرێن و رێی چالاكی لە پێشمەرگەی رۆژهەڵات بگرن. 

ئایا ١٦ی ئۆكتۆبەر كاریگەریی لەسەر هەژموونی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكە و دەستكراوەییان هەبووە؟

راستییەكەی هەژموونی ئێران بۆ زۆر ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە و هەر لە كۆنەوە و لە سەردەمی رژێمی پاشایەتیشدا ئێران لێرە پێگەی هەر هەبووە، تەنانەت تێكچوونی شۆڕشی ئەیلوول هەر دەستی شای ئێرانی تێدابوو و هەموو بەڵگەنامەكانیش بەردەستن. دوای رووخانی رژێمی سەدامیش شیعە لە عێراق چ لە رووی ژمارەی دانیشتووان و چ لە رووی پێگەی سیاسی باڵادەست بوونە و سەرەڕای ئەو ناكۆكییە قووڵانەی ئەوان لە ناوخۆ هەیانە، ئێران توانیویەتی كۆیان بكاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێی بەشێك لە پێكهاتەی حەشدی شەعبی كار لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات كوردستان دەكات و لە دژیان خەریكی پیلانە.

دوای دەست پێكردنی ئەم هێرشە نوێیانە، هاناتان بۆ كێ و چ لایەنێك بردووە؟ ئایا رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیتان لەو مەترسییانە ئاگادار كردووەتەوە؟

هیچ كەس گومانی لەوە نییە كە هەموو ئەوانەی دەكرێن كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە پشتە و دووبارە بەگەڕخستنی ماشێنی تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامییە. ئەمەش دوایین جار نابێت. لە تیرۆری رێبەرانمان دكتۆر قاسملوو و شەرەفكەندی هانامان بۆ هەموو ئەو رێكخراو و پۆلیس و دەزگە نێودەوڵەتییانە برد و هەموویان باسی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكەن، بەڵام ئەوەش نین كە باس دەكرێن. ئێمە پێش هەموو كەسێك خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە پشتیوانی خۆمان دەزانین و خەڵكی رۆژهەڵات نابێت لەمە بێدەنگ بن، ئەوان داوایان لە ئێمە كرد ئامادەییمان هەبێت، ئێمە بە قسەمان كردن و چاوەڕوانیمان لێیان هەیە ئەوانیش بێدەنگ نەبن و بە شێوازی خۆیان لە چوارچێوەی مانگرتن و چالاكی تر هەڵویستیان هەبێت.

لە بەهاناوەهاتنی دەزگە نێودەوڵەتییەكان هەست بە نائومێدی ناكەن؟

نائومێد نەبووین، بەڵام ئەو بەدواداچوونە رژدەی پێویستە هەیانبێت بەداخەوە نییانە و زلهێزەكان نایانەوێت بە خاتری گەلی كورد بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا بخەنە مەترسییەوە.

ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان پێگەی سیاسی و سەربازی هەیە، ئەو وڵاتەتان لەم مەترسییانە سەرتان ئاگادار كردووەتەوە؟

نەك لێرە، نوێنەرایەتی حزبی دیموكراتی كوردستان لە واشنتن، حكوومەتی ئەمەریكای لەم رووداوانە ئاگادار كردووتەوە.

لە دەیەی نەوەت ئێران بە شێوەیەكی رێكخراو هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیە و ماوەی رابردووش فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەمبارەیەوە بڵاو كردەوە. پێشبینی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە دەكەن؟

مەرج نییە وەك خۆی دووبارە ببێتەوە، بەڵام زانیارییەكان بەرەو ئەوەمان دەبەن ئەگەر هەروا بێدەنگ بین و دانیشین، ئەوان دەست لە ئێمە ناپارێزن. ئەوكات پاسداری ناردبوو، ئێستە لە عەرەبێكی شیعەی كەركووك یان هەر كەسێكی تر سوود وەردەگرێت، پێمان وایە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هاوشێوە بەهێزە، ئەگەر خۆمان فریای خۆمان نەكەوین و لە شوێنێك رێگری لێ نەكەین.

بۆچی ئێوە لەگەڵ هێزەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان هێزەكانتان كۆ ناكەنەوە و بە یەكەوە كار بكەن؟

ئەمە دەكەوێتە چوارچێوەی بەرەی كورستانی كە دەمێكە داوا دەكرێ، هەڵبەت لە چەند ساڵی رابردوودا هاوكاریی نێوان حزبەكان زۆر بووە. بۆ نموونە ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی چالاكی نەورۆزی جامانەكان چالاكییان هەبوو، هەموو حزبەكانی رۆژهەڵات وەك یەك مەترسییان لەسەر نییە و گرێ دراون بە جووڵە و چالاكیی حزبەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەم نەورۆزە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات بڵاویان كردووەتەوە، بە جامانە  و دەسماڵ هەوری پێشوازیی لێ دەكەن.





وشە - سلێمان تاشان


PM:04:21:19/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 1058 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌