بەرپرسێكی كۆمسیۆن لە ئێستەوە كاتی دەنگدان درێژ ناكرێتەوە

:: PM:04:27:19/03/2018 ‌

بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، ئەو ئامێرانەی بۆ دەنگدان بەكار دێن، كاتی ئیش پێكردنەكەیان دیاری كراوە و ناتوانرێت كاتی دەنگدان درێژ بكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئادار، عەلی قادر بەرپرسی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ "وشە" دەڵێت، ئەو ئامێرانەی بۆ دەنگدان بەكار دێن ناتوانرێت تا سەعات شەشی ئێوارە زیاتر كاریان پێ بكرێت.

بەرپرسی لقی هەولێری كۆمسیۆن دەڵێت، ئامێرەكە بەشێوەیەك كاتی كاركردنەكەی دیاری كراوە هەركاتێك بوو بەسەعات شەش، خۆی بە ئۆتۆماتیكی لەكار دەكەوێت و كار ناكات، بۆیە ناتوانرێت دەنگی تر وەربگرێت.

قادر ئاشكرای كرد كە لە سەعات پێنج و 45 خولەك ئامێرەكە خۆی ئاگەداری بە كارمەندان دەدات و خولەك بەخولەك هەژماری دەكات بۆ تەواوبوونی كات، دواتر خۆی بە ئۆتۆماتیكی دەكوژێتەوە، هەروەها ئەو ئامێرە كۆمپانیایەكی كۆری دروستی كردووە و ئەگەری پەككەوتنی نییە و بە تەواوی كار دەكات.

بڕیارە لە 12ـی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ئامادەكاری.



وشە - رامیار جەواد