سبەی لە هەولێر ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە

:: PM:04:29:19/03/2018 ‌

بەرپرسێكی پارێزگای هەولێر دەڵێت، سبەی ئێوارە بە ئامادەبوونی چەندان بەرپرسی حكوومی و نوێنەرانی وڵاتان و سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە، ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم هەمزە حامد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی سێشەم 20ـی ئادار لە سەعات چوار و نیوی ئێوارە لە پاركی شانەدەر لە هەولێری پایتەخت، بە چاودێری پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەت و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی حزب و لایەنەكان و كونسوڵ و نوێنەرانی هێزی هاوپەیمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەری كوردستان لە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیییەكان، ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە دوایین ڕۆژی دەیەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە ئاهەنگ و سروود و گۆرانی بۆ خۆشەویستی نیشتمان و بەرخۆدان و پێكەوەژیان دەست پێ دەكات. دواتریش لەگەڵ خۆرئاوابوون مەشخەڵی ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێت بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی ئازادی و سەرفرازی و دەسپێكی ساڵێكی پڕ لە ئومێد و هیوا بۆ گەلی كوردستان .

ساڵانە لە 11ـی ئادار بۆ یادی ڕزگاركردنی شاری هەولێر لە چنگی ڕژێمی بەعس، فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی دەست پێ دەكات و لە ئێوارەی 20ـی ئادار بە كۆمەڵێك چالاكی كۆتای پێ دێت.

سبەی لە بەردەم قەڵای هەولێر بەمەبەستی نیشاندانی هێمای پێكەوەژیان، بە هەزاران میزڵدان لە سەعات چواری ئێوارە بۆ ئاسمان هەڵدەدرێن.



وشە - رامیار جەواد