شارەزایانی چەكی كیمیایی لە دۆسیەی كوشتنی سكریپال دەكۆڵنەوە

:: PM:04:38:19/03/2018 ‌


بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كوژرانی سێرجی سكریپاڵ و یولیای كچی، بەریتانیا داوای لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كردووە لێكۆڵینەوەیەكی بێ لایەنانە ئەنجام بدات.

سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئادار، ئاشكرای كرد كە شاندێكی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەردانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیایان كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی كوشتنی سێرجی سكریپاڵی 66 ساڵان و یولیای 33ساڵانی كچی كە لە رۆژی چواری ئەم مانگە لە شارۆكەی سالزبری باشووری بەریتانیا بە گازی ژەهراوی تیرۆر كران.

دیپلۆماتەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە رادیۆی "مۆنتی كارلۆ"ی راگەیاندووە بە مەبەستی لێكۆڵینەوەیەكی بێ لایەنانە و دەرخستنی راستییەكان، بە فەرمی بەریتانیا داوای لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كردووە تیمێكیان رەوانەی لەندەن بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.

جێی باسە لەسەر دۆسیەی گیان لەدەستدان و تیرۆركردنی ئەو باوك و كچە بەریتانیایییە، پێوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و رووسیا گرژی تێكەوتووە و هەردوولا رێوشوێنی توندیان دژ بە یەك گرتووەتەبەر بە تایبەت دوای تۆمەتباركردنی مۆسكۆ لەلایەن لەندەنەوە بە كوشتنیان.

بە قسەی ئەو دیپلۆماتە، ئامانج لەو داوایەی بەریتانیا ئەوەیە رێكخراوەكە نموونەیەك لە جۆری ئەو گازە ژەهراوییەی دژ بە سكریپاڵ وەربگرێت و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات بۆ دەستنیشانكردنی رەگەز و جۆری گازەكە.

سكریپاڵ پێشتر سیخوڕێكی دووسەرە بووە، لە دەزگەی هەواڵگری رووسی كاری بۆ دەزگەی هەواڵگری بەریتانی كردووە، دوای ئاشكرابوون و گرتنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی رووسیاوە لە ساڵی 2013 لە چوارچێوەیەكی ئاڵوگۆڕێكی گەورەی سیخوڕی ئازاد كرا.

رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی بارەگای سەرەكی دەكەوێتە شاری لاهای هۆڵەندی كە بارەگای دادگای باڵای نێودەوڵەتیشی لێیە.




وشە - فه‌رمان سادق