فڕەنسا داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات لێكۆڵینەوە بكات لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران بەهۆی رۆڵی خراپی لە جەنگی ناوخۆ لە سووریا و بەرنامەی مووشەكی بالیستی. چاودێرانیش ئەو هەوڵەی فڕەنسا بۆ رازیكردنی ئەمەریكا لێكدەدەنەوە بۆ مانەوەی لە رێككەوتنی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ناوەكی ئێران.
هەوڵەكەی فڕەنسا لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تا 12ی ئایاری داهاتوو مۆڵەتی داوەتە وڵاتانی ئەوروپا بۆ هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران و زیادكردنی پاشكۆ بۆ رێككەوتنەكە، هەڕەشەی ئەوەش دەكات ئەگەر پاشكۆیەك بۆ رێككەوتنەكە زیاد نەكرێت، ئەوا سزاكانی بۆ سەر ئێران درێژ دەكاتەوە و لە رێككەوتنەكەش دەكشێتەوە.
وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكەی ئەمەریكا، بەریتانیا و فڕەنسا و ئەڵمانیا لە هەوڵی ئەوەدان لە رێی یەكێتی ئەوروپا سزای زیاتر بخەنە سەر ئێران، بەڵام بەهۆی بەرنامە ناوەكییەكەی نا، بەڵكو بەهۆی دەستوەردان و رۆڵی نەرێنی لە نانەوەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا و بەرنامەی مووشەكی بالیستی، ئەمەش بە پێی بەڵگەنامەیەكی نهێنی كە "
رۆیتەرز" دەستی كەوتووە.
لەسەر ئەو پرسە جان ئیڤ لۆ دریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە كاتی گەیشتنی بۆ هۆڵی كۆبوونەوە لەگەڵ هاوشانەكانی بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی ئێران، گوتی "ئێمە پێداگیرین لە رێزگرتن لە رێككەوتنامەی ڤیەننا" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو شارەی رێككەوتنی ناوەكی ئێرانی لێ واژوو كرا.
ئەوەشی خستەڕوو بەڵام نابێت ئەوە بە دوور بگرین كە ئێران دەیەوێت مووشەكی بالیستی بڵاوە پێ بكات و رۆڵێكی خراپیشی هەیە لە سووریا و گوتی، "پێویستە ئەو پرسانەش گفتوگۆی لەسەر بكەین و بگەینە رێككەوتن لەسەریان".
بەگوێرەی بەڵگەنامە نهێنییەكەی دەست رۆیتەرز كەوتووە، ئێران هەوڵی ئەوە دەدات تەكنۆلۆجیای مووشەكی ببانە سووریا و بیگەیەنێتە دەست هاوپەیمانەكانی چ لە لبنان بێت یانیش دیمەشق و یەمەن.
پێ دەچێ یەكێتیی ئەوروپا لەیەكەم هەنگاویدا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران، جارێكی تر ئەو سزایانەی پێش رێككەوتنی بەرنامەی ناوەكی ئێرانی، لەسەر ئێرانی دانا بوو بیگەڕێنێتەوە، بەڵام سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا پێویستی بە رەزامەندی هەموو وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا هەیە كە ژمارەیان 28 وڵاتە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەندێك لەو وڵاتانە مەبەستیانە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران بگەڕێتەوە ساڵانی رابردوو بە مەبەستی دەستخستنی بازاڕی كار بۆ كاڵاكانیان كە ساڵانێك گەورەترین هاوبەشی بازرگانی یەكێتیی ئەوروپا و دووەم گەورەترین بازاڕی ساغكردنەوەی نەوتیش بووە.
دیدییە ریندرز وەزیری دەرەوەی بەلجیكا رای گەیاند، هەموو رێوشوێنەكان ئاشكرا دەكەین كە بە نیازین دژ بە ئێران بیگرینەبەر، تا خۆمان بخەینە ژێر هەمان گوشار كە دەمانەوێت ئێران بچێتە ژێرباری. گوتی "پێویستە هەموو ئەگەرەكانیش لەبەرچاو بگرین تا گوشار بخەینە سەر ئێران".
لای خۆشیەوە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا رای گەیاند، هێشتا یەكێتیی ئەوروپا هەڵوێستێكی هاوبەشی وەرنەگرتووە لەسەر سەپاندنی سزای ئابووری نوێ بەسەر ئێران.
فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا كە بەشداری دانوستاندنەكانی وڵاتانی پێنج كۆ یەك بوو لەگەڵ ئێران تا گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر بەرنامەی ناوەكی ئێران. دەڵێ یەكێتیی ئەوروپا ستراتیجَكی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە گفتوگۆی هەموو ئەگەرەكان دەكات لە جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێران، هیچ پێشنیازێكیش لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا نییە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران".