رێككەوتنی رووسیا و توركیا لەبارەی عەفرینەوە چی بوو؟

:: PM:06:18:19/03/2018 ‌

دوای ئەوەی هەڵمەتی سەربازیی توركیا بۆ سەر عەفرین لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستی پێ كرد، هەفتەی رابردوو ئەو شارە گەمارۆ درا و بەرەبەیانی دوێنێیش توركیا رای گەیاند كە چووەتە ناو شارەكە، لە ناو دیمەنی كوشتن و وێرانكاری چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا كە لەناو شارەكە دروستیان كرد، ماڵپەڕێك باسی رێككەوتننەكەی رێگەدان بە توركیا لەلایەن رووسیا دەكات بۆ دەستگرتن بەسەر عەفرین بەو شێوەیە و دەڵێت، لە بەرانبەردا تا كۆتایی ئەم مانگە دەبێت چەكدارانی نزیك لە توركیا ناوچەی غوتە بە تەواوەتی بۆ سوپای سووریا چۆڵ بكەن.

چەند سەرچاوەیەك باسی كۆبوونەوەیەكی نهێنی لە هەینی رابردوو لە ئیستەنبووڵ لە توركیا دەكەن كە نوێنەرانی گرووپە چەكدارەكانی غوتەی رۆژهەڵات لە دیمەشق بەشداریان تیایدا كردووە كە ئەوانیش هەریەك لە محەمەد عەلووش، نوێنەری سوپای ئیسلام و وائیل عەلوان، نوێنەری قەیلەقی رەحمان و نوێنەری بزووتنەوەی ئەحراری شام لەگەڵ شاندێكی رووسیا و هەواڵگریی توركیا.

سەرچاوەكان دووپاتیان كردەوە كە لەو كۆبوونەوەدا رێككەوتن كراوە لەسەر دەست پێكردنی ئاگربەست لە غوتەی رۆژهەڵات هاوكات لەگەڵ دەستگرتنی هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی بەسەر شاری عەفرین لە باكوری حەلەب لەناو پاڵەپەستۆی توركیا لەسەر نوێنەری گرووپەكانی بەشداری كۆبوونەوەكە بۆ رازیبوون بە گفتوگۆی ئاشكرا لەگەڵ رووسیا و خۆسازدان بۆ پاشەكشەكردن لە ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات تا كۆتایی ئەم مانگە.  

ئەو كۆبوونەوە هاوكاتە لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەی غوتە و دووپاتكردنەوەی ئەو پێشبینییانەیە كە سیاسەتوان و چالاكان باسیان لێوەی دەكرد لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتی سەربازیی سووریا بۆ سەر غوتە لە لە 18ی مانگی رابردوو بەوەی شاری عەفرین دەكەوێتە دەستی توركیا لە بەرانبەر دەستگرتنی رژێمی ئەسەد بەسەر پێگەكانی چەكدارانی نزیك لە توركیا لە غوتەی رۆژهەڵات، ئەو كاتەی كە پێشڕەویی رژێمی سووریا وای كرد كە غوتە بكاتە چەند پارچەیەك. 

شایەنی باسە كە هەڵمەتی سەربازیی (چڵە زەیتوون)ی توركیا بۆ سەر شاری عەفرینی كوردنشین لە 20ی كانوونی دووەمی رابردوو دەستی پێ كرد، هاوكات لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی سوپای ئەسەد و رووسیا بۆ فڕۆكەخانەی ئەبو زهووری سەربازی لە رۆژهەڵاتی ئیدلیب، كە ئەوەیش پێشتر لەلایەن رووسیا و توركیا و ئێران لە كۆنگرەی ئیستانە دابەشكاری بۆ كرابوو، هەروەها هاوكات بوو لەگەڵ كەوتنی ناوچەی غوتە.

پێشتریش لە هەڵمەتی سەربازیی (قەلغانی فورات)ی توركیا لە 24ی ئابی 2016 هێزەكانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەكانی لەناو خاكی سووریا دەستیان بەسەر هەردوو شاری جەرابلس و ئەلباب و گوندەكانی باكوری حەلەبدا گرت لە بەرانبەر دەستگرتنی سوپای رژێمی سووریا بەسەر گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی حەلەب لە كۆتایی 2016دا.

ئەوەیش لەو كاتەی كە یەكەكانی سوپای سووریا لە پێشڕەویكردن بۆ ناو ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات لە دیمەشق بەردەوامن، ئەوەیش دوای ئەوەی توانی كۆنترۆڵی هەردوو شارەدێی سەقبا و كەفر بەتنا بكات و ئێستە 80%ی ناوچەكانی ژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە كەوتوونەتەوە ژێر دەستی سوپای سووریا.

بەپێی رۆژنامەی "وەتەن"ی سووریا ئێستە جەنگی غوتە گەیشتووەتە كۆتاییەكەی و لە سایەی پێشڕەویی خێرای سوپای سووریا لە بەرانبەر چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن، هەواڵەكان باسی داوای ئەوان دەكەن كە رێگەیان پێ بدرێت بۆ باكوری سووریا، كە ئەوەیش بوونی رێككەوتننەكە دووپات دەكاتەوە.

رامی عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا لەو بارەوە دەڵێت، هەموو ئەوەی لە غوتەی رۆژهەڵات روو دەدات پێوەندی بە هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا لە عەفرینەوە هەیە، پێش چەند رۆژێك لە دەست پێكردنی هەڵمەتی سەربازیی غوتە، جەنگ لە نێوان گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا رووی دا و ئەوەیش وای كرد كە رژێمی سووریا هێزەكانی لە ئیدلب و حەلەب پاشەكشە پێ بكات بەرەو غوتە ئاراستەیان بكات.

زیاتر گوتی، رێككەوتنێك لە نێوان زلهێزەكان لەسەر دابەشكردنی ناوچەكانی سووریا هەیە، چونكە فەیلەقی رەحمان كە گرووپێكی چەكداری سەر بە توركیا و قەتەرە لە باشووری غوتەی رۆژهەڵات گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ ئاگربەست، هەروەها هێزەكانی سووریا كۆنترۆڵی ناوچەكانی كەفر بەتنا و سەقبایان كرد و بەو شێوەیە رژێمی سووریا توانی غوتە بكاتە سێ بەشی دابڕاو، دۆما كە لەژێر كۆنترۆڵی سوپای ئیسلامە و حرەستا كە لەژێر كۆنترۆڵی بزووتنەوەی ئەحراری شامە و بەشەكەی تری لەژێر دەسەڵاتی فەیلەقی رەحمانە، روونی كردەوە لە ئەنجامی رێككەوتنی رووسیا و ئێران و توركیا ئێستە رژێمی سووریا كۆنترۆڵی 84% لە غوتە دەكات لەو كاتەی توركیا كۆنترۆڵی 87% ی عەفرین دەكات.

هەر لەو بارەوە نووسەر خورشید دلی، كە شارەزایە لە كاروباری توركیا و كورد دەڵێت، هەردوو هەڵمەتی سەربازی غوتە و عەفرین بەیەكەوە كۆتاییان دێت، چونكە پلانەكەیان بە هاوئاهەنگی لە نێوان رووسیا و توركیا بۆ داڕێژكراوە و ئەوەی بۆ رووسیا و رژێمی ئەسەد گرنگە ئێستە دابینكردنی ئاسایشی دیمەشقە لە رێگەی هەڵمەتی سەربازی غوتە و ئەوان باكیان بەوە نییە لە عەفرین چی روو دەدات. بۆیە عەفرین بەهۆی رێككەوتنی یاریكەرە سەرەكییەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا لە رووی سەربازییەوە كەوت.  

سەرچاوە: ستێپ ئاژانسی








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل