زانیاری نوێ‌ لەسەر دزینی شوێنەوارەكانی سنووری بیارە ئاشكرا دەبێت

:: PM:07:33:19/03/2018 ‌

بەرپرسێكی زەردەشتییەكان ئاشكرای دەكات تەقاندنەوەی قەڵای "سیاو" بەمەبەستی دزینی شوێنەوارەكان بووە و ئەو كەسانەی تەقینەوەكەیان ئەنجام داوە بە بازگەكانی سنووری بیارەدا تێپەڕیوون و خۆیان ناساندووە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئادار، ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تەقاندنەوە و تێكدانی قەڵای "سیاو" كە شوێنەوارێكی زەردەشتیی ١٧٠٠پێشی ئێستەیە واتە ٣٠٠ساڵ پێش زایین كە دەكەوێتە لای راستی بیارە لە نزیك گوندی زەردەهاڵ لە شارەدێی نارنجۆك  بەمەبەستی دزی بووە.

نوێنەری زەردەشتییەكان دەڵێت، دوو لانگرۆزەر و دوو هامەر لەگەڵ حەفارەیەك كە بە یەك دوو بازگەی سنوورەكەدا تێپەڕیوون و خۆیان ناساندبوو كە هێزێكن لە هێزەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە داوای ناسنامەیان لێ نەكردبوون و چووبونە گوندی زەردوهاڵ.

زیاتر گوتی، دانیشتوانی ئەو شوێنە ویستویانە بزانن كە ئەمانە كێن، بەڵام چەكدارەكان بەچەك هەڕەشەیان لە دانیشتووانی گوندەكە كردووە و دوای دزینی ئاسارەكە قڵای سیاوی زەردەشتیانییان تەقاندەوە كە بە گوتەی دانیشتووانی گوندەكە سێ جار گوێیان لە دەنگی تەقاندنەوەی گەورە بووە لە شوێنی قەڵاكە.

ئاوات حسامەدین گوتی، داوا دەكەن لە بەرپرسانی تەناهیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوانەی كە بە تەنگی پڕۆسەی پێكەوە ژیان دێن لە كوردستان و عێراق بەدواداچوونی ڕژد بكەن بۆ دۆزینەوەی ئاسەوارەكان.

هەفتەی ڕابردوو بەشێكی زۆری شوێنەواری سیاو لەلایەن چەند چەكدارێكەوە دوای بەتاڵانبردنی تەقێندرایەوە.



وشە - رامیار جەواد