دوای عەفرین توركیا بەنیازی چییە؟

:: PM:08:06:19/03/2018 ‌

لە سایەی بێدەنگی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرانبەر هەڵمەتە سەربازییە دڕەندانەكەی سوپای توركیا بۆ سەر شاری عەفرین و دەستگرتن بەسەریدا، ئەو شێوازە گرتنەی بەرجەستەی لە بێدەنگی سیاسی و سەربازی و مرۆیی و هەموو لایەنێكی تری دنیا كرد لە بەرانبەر عەفرینییەكان و كورد لە سووریا، پێ دەچێت رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا خواستی لەوە زیاتری هەبێت، ئەگەرچی توركیا دوای عەفرین رای گەیاند كە ئامانجی هەڵمەتە سەربازییەكەی پێكاوە، بۆیە لە سایەی بێدەنگی نێودەوڵەتی توركیا بۆ دوای عەفرین بە نیازی چییە؟.

ئەمڕۆ دووشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هەڕەشەی بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی تری سەربازی لە شارۆكەی شنگالی كوردنشین لە ناو خاكی عێراق كرد ئەگەر بوونی شەڕوانانی كورد لەوێ بەردەوام بێت، ئەو لە وتەیەكی لە میانەی ئاهەنگێك لە ئەنكەرە رای گەیاند كە رەنگە لە هەر ساتێكدا دەست بخەینە ناو شنگال ئەگەر حكوومەتی عێراق لە چەكدارانی كورد پاكی نەكاتەوە و پێویستیشە حكوومەتی عێراق ئاسانكاری پێویستمان بۆ بكات. ئەو لەبارەی عەفرینەوە ئاماژەی كرد كە لە هەڵمەتە سەربازییەكەمان بەردەوام دەبین تا نەهێشتنی رێڕەوی تیرۆریستی كە منبەج و رەئس عەین و قامیشلۆیش دەگرێتەوە.

توركیا هەر لە سەرەتاوە پلانی بۆ ئەو هەڵمەتە سەربازییە هەبوو و بۆ ئەوە پشتی بە واشنتن بەستبوو، بەڵام بەهۆی دوودڵیی واشنتن لەو بارەوە ناكۆكی لە نێوانیان دروست بوو كاتێك ئەمەریكا پاڵپشتی لە شەڕوانانی كورد لە باكوری سووریا دەكات بەتایبەتی لە جەنگ لەدژی داعش، لەو بارەوە خورشید دەلی، شارەزا لە كاروباری توركیا و كورد لە بەیرووت دەڵێت، چوونە ناو عەفرین لەلایەن سوپای توركیا بەئاڵای ئەو وڵاتە وەك ئەوە هاتە بەر چاو كە ئەو ناوچەیە هی توركیایە و پێویستە داگیر بكرێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی رووی دا بە سیناریۆی 1974 دەچێت لە قوبرس كاتێك سوپای توركیا لەژێر ئەو ئالایە چوونە ناو بەشێكی ئەو وڵاتە بەپاساوی رزگاركردنی خەڵكەكەی كە تا ئێستەیش ئەو ناوچەیە بەداگیركراوی لەلایەن توركیا ماوەتەوە كە پێ دەچێت ئەوە بەشێك بێت لە پلان و ئایدۆلۆژیای ئەردۆغان بیری لێ دەكاتەوە وەك خۆسازدانێك بۆ ئەوەی خۆی ناوی دەبات توركیای 2023.

زیاتر گوتی، ئێستە سوپای توركیا 250 كیلۆمەتر لە خاكی سووریای داگیر كردووە كە ئاڵای توركیای لێ بەرزكراوەتەوە و زمانی توركی لەو ناوچانە دەخوێندرێن و ئەو ناوچانە وەك ژێرخان بە ژێرخانی توركیا دەبەستێتەوە و لەژێر ناوی نەهێشتنی تیرۆر هەڵدەستێت بە تورككردنی ناوچەكە، لە راستیدا پڕۆژەیەك هەیە كە ئەردۆغان جێبەجێی دەكات ئەوەیش ئەوەیە كە چۆن بتوانین خۆمان لە سنووری رێككەوتننامەی لۆزان رزگار بكەین، كە ئەو خۆی باسی ئەوەی كردووە و باسكردنی چۆنیەتی گەڕانەوە بۆ (بەڵێننامەی میلی)، كە ئێستە بەرجەستەكردنی لە توركیا و راگەیاندنەكانی دەبینین و بەر لە چەند رۆرژێك لە دەرەوازەی شارەكانی توركیا لەوحەی وایان هەڵواسیوە بەوەی كەركووك ویلایەتی 82 توركیایە كە ئێستە ئەو وڵاتە لە 81 ویلایەت پێك دێت.

دەلی ئاماژەی كرد، هەروەها ئەوان دەڵێن مووسڵ ویلایەتی 83 و عەفرین ویلایەتی 84ە، بۆیە ئەردۆغان هەست بەوە دەكات كە ئێستە بوار هەیە بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی توركیا لەسەر بنەمای تێگەیشتنی دەوڵەتی عوسمانی (بەڵگەنامەی میلی)، سەرۆك وەزیرانی توركیایش رای گەیاند كە ئەوان عەفرین رادەستی دەوڵەتی سووریا ناكەنەوە، بۆیە ئەوەی روو دەدات هەوڵی توركیایە بۆ شەرعیەتدان بە داگیركارییەكانی، بۆ گرووپە چەكدارەكانی سووریایش، رژێم لە عەفرینەوە نارۆخێت بەڵكو لە دیمەشقەوە. 

بەكیر ئاتاجان، توێژەری سیاسی تورك دەڵێت، هێزەكانی توركیا لە هەڵمەتەكەیان لە دژی شەڕوانانی كورد لە یەپەگە و پەكەكە بەردەوام دەبن تا منبەج و رۆژهەڵاتی فورات و تەنانەت لە باكوری عێراقیش، واتە لەناو توركیا و لە دەرەوەیشی لە هەر شوێنێك بوونیان هەبێت و بەهەر شێوەیەكیش بێت. بۆیە توركیا پێوەندی باشی هەیە كە بۆ ئەو مەبەستە پەنایان بۆ دەبات تەنانەت لەگەوڵ ئەمەریكایش و رۆژانی داهاتوو لەسەر گۆڕەپاتی سووریا پەرەسەندنی زیاتر روو دەدات لە رێگەی پاككردنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا.

د.موعتەز موحیەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆماری بۆ توێژینەوەی تەناهی لەو بارەوە دەڵێت، هێزەكانی توركیا تا 15 كیلۆمەتر چوونەتە ناو خاكی عێراق لە ناوچەی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و توركیا و ئێران، ئەو جموجۆڵەی سوپای توركیایش لەناو خاكی عێراق پێشبینیكراو بووە بۆ عێراق و هاوئاهەنگیان هەیە لەو بارەوە

هاوكات ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بۆ دەزگەكانی راگەیاندنی دووپاتی كردووەتەوە كە لە دوو رۆژی رابردوو ناوچەی سێگۆشەی سنووری رووبەرووبوونەوەیەكی چەكداری لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیا بەخۆیەوە بینیوە.

سەرچاوە: سپۆتنیك





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل