حكوومەتی عێراق: مووچەی تەواو بە فەرمانبەرانی هەرێم نادەین

:: PM:08:55:19/03/2018 ‌

دوای ئەوەی چاوەڕوان دەكرا كە حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوەتی رەوانە بكات بێ پاشەكەوت و بۆ ئەو مەبەستە لێوردبوونەوە لە لیستی مووچەی چەندان وەزارەت بە تایبەتی پەروەردە و تەندروستی كرا، ئەمڕۆ سەعد حەدیسی گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە مووچەی تەواو بە فەرمانبەرانی هەرێم نادەن و بە رێككەوتن هەرێم پابەندە بۆ تەواوكردنی ئەو بڕە پارەی رەوانەی دەكەن بۆ هەرێم.

حەدیسی زیاتر گوتی، حكوومەتی ناوەند بڕی 318 ملیار دیناری عێراقی خەرج كردووە بۆ دابەشكردنی وەك مووچە بەسەر هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و روونی كردەوە كە میكانیزمی دابەشكردنەوە سەبارەت بە حكوومەتی ناوەند ئەوەیە كە ئەو پارەكە دابین دەكات و ئەو پارەی دەمینێتەوە بۆ تەواوكردنی مووچەی هەموو فەرمانبەران، پێویستە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم تەواو بكرێت. 

روونی كردەوە، ئێستە هەرێمی كوردستان بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردە دەكات، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێم ئەو پارەی لە بەغدا بۆ مووچە رەوانە دەكرێت تەواوی بكات بەمەبەستی گەیشتنی مووچەكە بۆ هەموو فەرمانبەران بە شێوەیەكی دادوەرانە وەك بۆ هەموو فەرمانبەرانی عێراق و پارێزگاكانی تر رەوانە دەكرێت.

لەوە كاتەی كە نووسینگەكەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە پێشمەرگەیشەوە خەرج كردووە و دووپاتی كردەوە كە لە پرۆسەی لێوردبوونەوە لە ناوەكان بەردەوام دەبن.

دوێنێ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە بڕە پارەیەك لە بەغداوە گەیشتووە و لە دوو رۆژی داهاتوو وەك مووچە دابەشی سەر فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت كە پارەكەی گەیشتووە 281.7 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە و 35.8 ملیاریشی بۆ وەزارەتی پێشمەرگەیە و كۆی پارەكەیش دەكاتە 317.54 ملیار دینار. لەو كاتەی هەرێم پێویستی بە 590 ملیار دینار هەیە بۆ دانی مووچەی هەموو فەرمانبەران بە پاشەكەوتەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل