میسی: بڕیارم نەداوە تا كۆتایی لە بەرشەلۆنە بمێنمەوە

:: AM:10:55:20/03/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە تا ئێستا بڕیاری نەداوە تا كۆتایی هەر لە ریزی یانەكەی بمێنێتەوە و هەر لەو یانەیەش واز لە یاریكردنی ناودەوڵەتی بێنێ.

میسی لە نوێترین چاوپێكەوتندا لە بەرنامەی (لا كۆرنیسا)ی تەلەفزیۆنی ئەمەریكی هەروەها ئاشكرای كرد كە تا ئێستا بڕیاری نەداوە دوای وازهێنان چ كارێك دەكات جگە لەوەش بڕیاری كۆتایی نەداوە بۆ دواجار لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە یان لە شاری رۆساریۆی ئەرجەنتینی واز لە یاریكردن بێنێ.

میسی رایگەیاند: لە تەمەنی بچووكی منداڵیمەوە شاری رۆساریۆم بەهۆی بەرشەلۆنەوە بەجێهێشت، راستییەكەی ئێستاش نازانم دواجار دەگەڕێمەوە شارەكەم یانیش هەر لە شاری بەرشەلۆنە دەمێنمەوە.

میسی جەختیشی كردەوە كە زۆر پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە شاری رۆساریۆ و دووبارە ژیان لەوێ دەست پێ بكاتەوە كە هەر لە منداڵییەوە لێی بێ بەش بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م