بایرن میونشن چارەنووسی لیڤاندۆفیسكی یەكلایی كردەوە

:: AM:11:08:20/03/2018 ‌

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەنووسی هێرشبەرە پۆڵەندییەكەی رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ئاشكرا كرد.

رۆژنامەی (كیكەر)ی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە: یانەی بایرن میونشن بەهیچ شێوەیەك رێگە بە رۆیشتنی لیڤاندۆفیسكی نادات تەنانەت ئەگەر یانە گەورەكانی ئەوروپا پارەیەكی زۆریش بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی كە لە ساڵی 2021 تەواو دەبێت.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی نزیكبوونەوەی لیڤاندۆفیسكی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەبوو، بەڵام سەرۆكایەتی یانەی بایرن میونشن بڕیاری كۆتایی داوە و هەموو گفتوگۆیەك بۆ فرۆشتنی هێرشبەرەكە رەت دەكاتەوە.

لای خۆیشییەوە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بۆ هاوپیشەكەی كارل هاینز رۆمینیگە لە یانەی بایرن میونشن جەختی كردووەتەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەك و گفتوگۆیەكیان لەگەڵ لیڤاندۆفیسكی و بەڕێوەبەری كارەكانی نەكردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا.

جێی باسە جگە لە یانەی ریال مەدرید، لە ماوەی رابردوودا یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش ئامادەیی پێشاندابوو بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە تەمەن 29 ساڵییە بە مەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵیدا لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م