8 یاریزانی مانچستەر یونایتد لە مۆرینۆ بێزارن

:: AM:11:27:20/03/2018 ‌

بەشی زۆری یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی هەست بە ئارامی ناكەن لەسەر دەستی راهێنەری پورتوگالی جۆزێ مۆرینۆ و بڕیاری رۆیشتنیان داوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.

رۆژنامەی (دەیلی میرۆر)ی ئینگلیزی ناوی 8 یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئاشكرا كرد كە بێزارن لە مامەڵەكانی مۆرینۆ لەگەڵیاندا و رەنگە بەهۆیەوە وەرزی داهاتوو ریزی یانەكە جێبێڵن، هەروەها چاوەڕوانیش دەكرێ 3 یاریزانی تریش بەهۆی گەورەبوونی تەمەنەوە بۆ وەرزی داهاتوو یانەكە جێبێڵن.

بەگوێرەی رۆژنامەكە ئەو یاریزانانەی لە دەستی مۆرینۆ بێزران بەهۆی خراپی مامەڵەكردن و كەمی بەشداریكردنیان لە یارییەكاندا برێتین لە خوان ماتا و ئەندرێ هێرێرا، ئەنتۆنی مارسیال، دالی بلیند، كریس سمۆلینگ، ماتیۆ دارمیان و لۆك شۆ و راشفۆرد.

هەر لە ریزی یانەكەدا بۆ وەرزی داهاتوو چاوەڕوان دەكرێ چەندان گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدرێت ئەویش بە هۆی رۆیشتنی هەریەك لە یاریزانان مەڕوان فیلاینی، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و مایكل كاریك بەهۆی گەورەبوونی تەمەن و دابەزینی ئاستی یاریكردنەوە.

جێی باسە یانەی مانچستەر یونایتد چەند رۆژێك پێش ئێستا لەسەر دەستی یانەی سڤیلییە لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرایە دەرەوە، یانەكە ئێستا بەجیاوازی 18 خاڵ لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی دێت و لەم وەرزەدا تەنیا هەلی بەدەستهێنانی جامی یەكەتیی ئینگلیزی لەبەردەمدا ماوە، لە قۆناغی پێش كۆتای پاڵەوانیەتییەكەدا مانگی داهاتوو رووبەڕووی یانەی تۆتنهام دەبێتەوە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م