ئه‌گه‌ر چووى بۆ گەشى نه‌ورۆز ئاگاداری ئەم كارەساتە بن

:: PM:03:17:20/03/2018 ‌
ساڵانه‌ پزیشكه‌كان ئه‌م ڕێنماییه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چووى بۆ گەشى نه‌ورۆز ئاگاداری ئەم كارەساتە بن، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ گه‌شته‌كه‌تدا منداڵت له‌گه‌ل بوو.

بۆ ئەوەی گەشتەکانمان و خۆشیەکانمان لێ تێک نەچێت و لێمان نەبن بە کاتێکی ناخۆش، بۆ ئەوەی تەندروستی منداڵەکانمان هەمیشە لەبەر چاو بگرین لەکاتی گەشت و سەیرانەكانماندا، پێویسته‌ وریاى ئه‌م كاره‌ساته‌ بین و هه‌ندێك زانیارى و ڕێنمایى له‌باره‌یه‌وه‌ بزانیین ئه‌ویش "ژه‌هراوى بوونه‌ به‌ نه‌وت".

له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌مان ئه‌وه‌ بپرسین چۆن منداڵەکانمان بەدوور بگرین لە ژەهراوی بوون بە نەوت، له‌ كاتى گه‌شته‌كانماندا ئه‌گه‌ر ڕوویاندا.

1. بەهیچ شێوەیەک نەوت نابێت بکرێتە دەبەی ئاوەوە.

2. پێویستە دەبەیەک بەکار بهێنرێت کە منداڵ نەتوانێت سەرەکەی بکاتەوە.

3. پێویستە ئەو دەبەیە لەناو زەرفێکی ڕەش هەڵبگیرێت و بە ئاسانی منداڵەکە دەستی پێی نەگات.

دكتۆر ئاکۆ که‌ریم جلال زەنگەنە، پزیشکی  پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، ژەهراوی بوون بە نەوت لە هەموو تەمەنەکان ڕوو دەدات، بەڵام لە منداڵاندا زیاترە، بە تایبەتی لە وەرزی بەهار وگەشت و سەیرانکردن  کە نەوت لە دەبەی  بیبسی و ئاو دەکرێت و بەمەیش  ساڵانە چەندان حاڵەتی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە، نەوت کە سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە لە وڵاتەکەماندا، بە ئاسانی لە گشت ماڵەکان دەست دەکەوێت، بۆیە لەوانەیە منداڵ بیخواتەوە، یان هەڵی بمژێت یانیش بیخاتە سەر پێست و ناوچاوی و یان لەوانەیە ئاگر بکاتەوە و ڕووداوی ترسناکی لێ بکەوێتەوە.

دكتۆر ئاکۆ، له‌سه‌ر زیانە تەندروستییەکانی نەوت و نیشانەکانی گوتى،  نەوت مادەیەکی کیمیایی پێکهاتە ئاڵۆزە و وەک هەر مادەیەکی تری کیمیایی زیانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەڵام نیشانەکانی بەندە بە ڕێگاکانی ژەهراوی بوون کە بریتییە لە:


یه‌كه‌م/ هەڵمژین و بۆنکردنی نەوت، كه‌ نیشانه‌كانیان بریتین له‌: (سەرئێشە، سەرسوڕان، خەواڵووبوون، گەشکەگرتن، کەمبوونی ئاستی هۆشیاری منداڵەکە، هەندێک جاریش دەبێتە دڵخۆشییەکی ئێجگار زۆر).

دووه‌م/ خواردنەوەی نەوت، كه‌ نیشانه‌كانیان بریتین له‌: (دەبێتە هۆی سووتانەوەی دەم و گەدە و ڕیخۆڵە، ڕشانەوە و سکچوون کە لەوانەیە خوێنی لەگەڵ بێت، سک ئێشان، لەوانەیشتە هیچ نیشانەیەک لەو نیشانانەی نەبێت).

سێیه‌م/ چوونی نەوت بە شێوەی شل بۆ ناو سییەکان، ئەوەش دەبێتە هۆی  هەوکردنی سییەکان کە نیشانەکانی بریتیە لە: (خنکان، کۆکە، ڕێڕەو بڕی هەناسە، تەنگە نەفەسی، شین هەڵگەڕان، تای بەرز).

چواره‌م/ کەوتنە ناو چاو: دەبێتە هۆی سووتانەوەی چا و فرمێسک کردن.

پێنجه‌م/ کەوتنە سەر پێست، نیشانه‌كانى بریتین له‌: (وشک هەڵگەڕانی پێست و سوور بوونەوە و ئازار پێگەیشتن و تەنانەت سووتانی پلە دوش دروست دەکات و ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر پێستەکە بمێنێتەوە).

له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك جار له‌به‌ر زۆرى میوان و هاوڕێیانمان له‌ كاتى گه‌شته‌كاندا و خه‌ریك بوونمان به‌ ئاماده‌ كارییه‌كانى گه‌شت و ئاماده‌كردنى خواردن، ئەو خاڵانەمان ڕەچاو نەكرد و منداڵەکەمان ژەهراوی بوو بە نەوت، ئه‌وكات پێویستە ئه‌م خڵانه‌ى خواره‌وه‌ زۆر به‌ وردى و خێرایى جێ به‌جێ بكه‌ین، ئه‌وانیش:

1. ڕاسته‌وخۆ  منداڵەکە لە سەرچاوەی نەوتەکە دوور بخەرەوەو بیبەرە شوێنێک کە هەوایەکی پاک هەڵبمژێت.

2. جل و بەرگی منداڵەکە دابکەنە و ئەو شوێنەی نەوتی بەرکەوتووە ئەبێ جوان بە ئاو و سابوون بشۆرێت.

3. بە هیچ شێوەیەک هەوڵ مەدە منداڵەکەت بڕشێنیتەوە، وە ئەگەر ڕشایەوە هەوڵ بدە بینوشتێنیتەوە بۆ پێشەوە یان لەسەر لای چەپ دایبنێ و سەری بۆ خوارەوە بێت.

4. به‌خێرایى منداڵەکەت ببە بۆ نەخۆشخانە.

5. هەرگیز نابێت شیر یان ئاو یان هەرمادەیەکی تر بە منداڵەکە بدەین بۆ ماوەی شەش کاتژمێر تاکو منداڵەکە نەڕشێتەوە، چونکە ڕشانەوە دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان.

6. هەرگیز نابێت هەوڵی ڕشانەوەی منداڵەکە یان کەسە ژەهراوییەکە بدرێت، چونکە ئەمەش هەلی هەوکردنی سییەکان زیاتر دەکات بەهۆی چوونی نەوت بۆ ناو ڕێڕەوی هەناسە، بەڵام ئەگەر منداڵەکە هیچ نیشانەیەکی نەبوو ئەوا پێویست ناکات بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.



وشە - محەمەد میران