تره‌مپ بڕیارێكی دژی ئۆباما دەركرد

:: AM:10:19:25/11/2016 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دژی لابردنی پەیكەرەكەی ونستۆن چەرچل لەلایەن باراك ئۆباماوە لە كۆشكی وەستایەوە و ئاماژە بەوە دەكات، دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە 20 كانوونی دووەم/یەنایەری ساڵی داهاتوو پەیكەرەكە دەگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی.

ئەو پەیكەرە تەنیا سەری ونستۆن چەرچل سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، لەسەردەمی حوكمی جۆرج دەبلیو بۆش، تۆنی بلێری سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی بەریتانیا بە دیاریی پێشكەشی جۆرج دەبلیو بۆشی كرد و ئەویش لە نووسینگەی كاركردنی كۆشكی سپی داینا.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە ساڵی 2008 لەلایەن باراك ئۆباماوە، پەیكەرەكە لە نووسینگەی كۆشكی سپی هەڵگیرا و ئێستەش دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، دوای گرتنەدەستی دەسەڵات دووبارە پەیكەرەكە دەگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی.

دۆناڵد ترەمپ لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تامیز هێرشی كردە سەر ئۆباما و گوتی، پێویستە رێز لە چەرچڵ بگرین، دوای هەشت ساڵیش لە لابردنی پەیكەرەكەی چەرچڵ بڕیاریدا پەیكەرەكە بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی.

ئەو گوتی لە 20 كانوونی دووەم/یەنایەر بڕیار دەدەم بە پەلە و ڕاستەوخۆ پەیكەرەكە بگەڕێنرێتەوە شوێنی خۆی.

جێی باسە باراك ئۆباما لە شوێنی پەیكەرەكەی ونستۆن چەرچڵ پەیكەرێكی سەرۆكی بزووتنەوەی مافی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئەمەریكا، مارتن لۆسەر كینگی لە شوێنی پەیكەرەكەی چەرچڵ دانا.

لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی كردەوە، كە پەیكەرێكی تری ونستۆن چەرچڵ لە كۆشكی سپی ئەمەریكا بوونی هەیە، كە لە ساڵانی 1960ەوە لەوێ دانراوە، دەپرسن ئاخۆ دەبێ بۆچی ترەمپ بیەوێ دوو پەیكەری چەرچڵ لە كۆشكی سپی بوونی هەیە.

ونستۆن لیۆنارد سپنسر چەرچڵ لە 30 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 1874 لە دایكبووە و لە 24 كانوونی دووەم/یەنایەری 1965 لە لەندە كۆچی دوایی كردووە. سەرەتا وەك ئەفسەرێك لە سوپای بەریتانیا خزمەتی كردووە و مێژوونووس و نووسەر و هونەرمەندیش بووە، بە یەكێك لە گەورەترین سیاسییەكانی بەریتانیا دادەنرێ كە لە سەردەمی جەنگدا توانیویەتی گەورەترین ڕۆڵ بگرێێت، هەڵگری بڕوانامەی نۆبڵی بواری ئەدەبە و ڕەگەزنامەی فەخری ئەمەریكای پێ دراوە، ئەو لە ساڵی 1940 تا 1945 سەرۆك وەزیران بووە لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا، دواتر لە 1951 تا 1955 جارێكی تر پۆستەكەی وەرگرتووەتەوە.لە 1940 تا 1955 سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بووە، هاوكات پۆستی وەزیری بەرگری بەریتانی هەبووە و بەهۆی جەڵدەی مێشكەوە كۆچی دوایی كردووە.

سەرچاوە/سكای نیوز.






وشە - باز ئه‌حمه‌د