دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پەیامێك بۆ خەڵكی كوردستان دەنێرێت و نیگەڕانی خۆشییان لە پیسكردنی شوێنەكان دەردەبڕن و بەرپرسێكی ئەو دەستەیە دەڵێت، دڵتەنگی خۆمان بۆ رەفتاری بەشێك لە هاووڵاتیان رائەگەیەنین كە بە هۆی بێباكی و فەرامۆشی و رێز نەگرتن لە خاكی نیشتیمان زبڵ و پاشماوەی خۆیان لە ناو سروشتی جوانی كوردستان فڕێئەدەن.
ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئادار/ مارس، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ساڵانە لێشاوی هاووڵاتیان لە نەورۆز بە تایبەتی و لە بەهار بەگشتی بۆ كات بەسەربردن و خۆشی وەرگرتن لە وەرزی بەهار ڕوو لە ناو سروشت و سەیرانگەكان و هەندیك شوێنی گەشتیاری ئەكەن لە هەمانكات نیگەرانی و دڵتەنگی خۆمان بۆ رەفتاری بەشێك لە هاووڵاتیان رائەگەیەنین كە بە هۆی بێباكی و فەرامۆشی و رێز نەگرتن لە خاكی نیشتیمان زبڵ و پاشماوەی خۆیان لە ناو سروشتی جوانی كوردستان فڕێئەدەن و كارەساتی ژینگەی ئەنێنەوە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو زبڵانە ئەبنە مایەی زیانێكی زۆر گەورە بۆ سروشت و سەیرانگەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵگە و دیكۆمێنتی زۆری ساڵانی رابردوو لەبەر دەستمان هەیە كە ئەیسەلمێنێ لەم وەرزە سروشت رووبەرووی كارەسات ئەبێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی سەیرانكردن و گەشتكردنی شارستانیانەیە، رەنگە بە هۆی زۆری شوێن و بڵاوی شوێنەكانی گەشت و سەیران و دووری هەندێك شوێن پاشماوەی زبڵ و خاشاكی سەیرانكەران دەستی خزمەتگوزار و ژینگەپارێزەكانی پێنەگات و شوینەكە بە پیسی بمێنێتەوە.
ڕۆستی دەڵێت، هەندێك لە هاووڵاتیان بەهۆی دەست نەپاراستن و رێز نەگرتن لە موڵكی گشتی و خزمەتگوزاریە گشتییەكان كە لە سەیرانگەكان دانراون زیانی زۆر بە خزمەتگوزارییەكان ئەگەیەنن و ئەبنە مایەی شكاندن و سووتان و تێكدانی ( زبڵدان و ئاودەست و كورسی و كەپر و هێماكانی هاتوچۆ كە لە هەندێك شوێن دانراون).
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە جەژنی نەورۆز گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش ڕوو لە سەیرانگەكان دەكەن، بەڵام بەشێك لە هاووڵاتیان پاشماوەی خواردنەكانیان لەو شوێنە فڕێدەدەن.