بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر:مانگی داهاتوو پارەی ئاو كۆ دەكرێتەوە


ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لەم دیمانەیەی "وشە"دا باس لە بەستی پێوەری ئاوی ماڵان دەكات و ئاشكرای دەكات، ئەو پێوەرە لە مانگی نیسان/ئەپریلی داهاتووەوە كاری پێدەكرێت و یەكەمین خوێندنەوە بۆ ئەو پێوەرانە دەكرێت.دووپاتی دەكاتەوە "كۆمپانیای ئامادەكار گرێبەستی لەگەڵ كراوە و هەر هاووڵاتییەك پێیەوە پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.

هەولێر بەشێوەیەكی گشتی چەند بیری ئاوی هەیە؟
بە تەواوەتی هەولێر هەزار و 50 بیری ئاوی هەیە و ئەو بیرانە دابەشی سەر سەرجەم گەڕەكەكانی هەولێر بوونە، هەروەها كۆمەڵێك بیر هەیە پێویستە سەرلەنوێ‌ لێبدرێتەوە كە بیری كۆنن، بەهۆی كەمبوونەوە یان نەمانی ئاو تیایاندا، ئەو پرۆسەیە دەستی پێ كردووە و بیری ئاو هەیە ئێستە لە نوێكردنەوەدایە، ئێستە خەریكی دروستكردنی خانووین بۆ20 بیر.

بۆچی بۆ ئاوی هەولێر تەنیا پشت بە بیر دەبەستن، یان ئاوی ئیفرازەكانیشڕۆڵ دەگێڕن؟
لەهەولێر ئێستە 50% پشت بە بیرەكان و50% پشت بە ئاوی ئیفراز دەبەستین بۆ ئاوی ماڵان، هۆی زیاتر پشت نەبەستن بەئاوی پڕۆژەكان یان ئیفرازەكان، بەهۆی بوونی هەندێك شوێنە كە دوورن لە پڕۆژەكانە.

ئایە هیچ گەڕەكێك یان شوێنێكی هەولێر هەیە پشت بە ئاوی بیر نەبەستێت؟
هەندێك شوێن و گەڕەك هەن لەناو شاری هەولێر، دەتوانین بڵێین95% پشت بە ئاوی پڕۆژەكان دەبەستێت و وەكگەڕەكی ئاری و شۆڕش و چەند گەڕكێكی تر، هەروەها پشتبەستن بە ئاوی پڕۆژەكان دابەش بووە بەناوەوەی شەقامی 100 مەتری یان 60 مەتری نوێ، هەروەها نێوان شەقامی 120 و 100 مەتری60%یان پڕۆژە ئاویان بۆ دابین دەكات، لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری 100%یانئاوی بیرە.

بیری ئاو لە چەند مەترەوە دەست پێ دەكات و دەگەن بە ئاوی خواردنەوە؟
ئەو ئاوەی ژێرزەوی كە لە هەولێر پشتی پێدەبەسترێت، بەگوێرەی هەموو ستانداردەكان شیاوە بۆ خواردن و ئاسایییە لە بەكارهێنان، چونكە ئاوێكی پاكە، بۆ قووڵییەكەیشی لە شوێنێك تا شوێنێكی تر جیاوازە، شوێن هەیە لە 70 مەتر دەگەین بە ئاو، شوێنێش هەیە لە قووڵی 320 مەتر دەگەین بە ئاو، ئەو شوێنانەی لە 70 مەتر دەگەین بە ئاو، لە باشوور و ڕۆژئاوای هەولێرن،بەڵام ڕۆژهەڵات و باكوری هەولێر 250 مەترە و هەندێك شوێنمان هەن دەگەنە 320 مەتر.

پێوەری ئاوی ماڵان چیی بەسەرهات و كەی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟
پێوەری ئاوی ماڵان تەواو بووە و ئێستەیش بەردەوامین لە بەستنی پێوەر بۆ هاووڵاتییان، ئێمە جیاوازییەك نابینین لەسەر پێوەر چ جۆرێكە، گرنگ ئەوەیە ئەو پێوەرە هەمان ستانداردی هەبێت كە ئێمە دەمانەوێت، لەگەڵ كۆمپانیایەك لە 1/3/2018 گرێبەستمان كردووە، وا بڕیارە لە 18 بۆ 20ـی مانگی داهاتوو نیسان، یەكەمین هەڵمەتی گەڕان و خوێندنەوە بۆ پێوەرەكان بكەن كە پێی دەگوترێت خوێندنەوەی بنچینەیی.

ئەو گرێبەستەی هەیە چۆن دەخرێتە بواری جێبەجێكردن؟
ئەو كۆمپانیایە لەكاتی گەڕانی داتایەك دروست دەكات كە پێوەری ئاوی ماڵان تۆمار دەكات لەسەر بنەمای خوێندنەوەی یەكەمین خوێندنەوە لەسەر پێوەرەكان كە تۆمار كراوە.

ئەگەر كەسێك پێوەری نەبێت ڕێكاری چی لە بەرانبەر دەگیرێتە بەر؟
لەو ماوەیەی ڕووپێوێك دەكرێت لە 18 بۆ 20ـی مانگی چواری ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییانەی پێوەریان نەبەستووە یان پێوەریان لێ كردووەتەوە، ئاگەدار دەكرێنەوە، ئەگەر پابەند نەبوون پێیەوە، ئەوا مانگی یەكەم بڕی 100 هەزار و مانگی دووەم بڕی 200 هەزار و مانگی سێیەم بڕی 300 هەزار دینار غەرامە دەكرێن.

ئەگەر هاووڵاتییەك پێوەرەكەی لێكردبێتەوە سزاكەی چییە؟
ئەگەر هاووڵاتییەك پێوەرەكەی لێكرابێتەوە، سەرەتا ئاگەدار دەكرێتەوە بۆ ماوەی مانگێك ڕێكارەكان بكات، ئەگەر پێیەوە پابەند نەبوون، ئەوا سزا دەدرێن بۆ هەر مانگێك 100 هەزار دینار، ئەگەر  هەر پابەند نەبوو، بۆ هەر مانگێك سزاكەی دووقات دەكرێت.

پێوەری ئاوی ماڵان بۆ چەند ماڵ بەستراوە؟
تا ئێستە لەشاری هەولێر 210 هەزار پێوەر بەستراوە، ئەو هاووڵاتییانەیشی لێیان كردووەتەوە، دوای ئاگەداری، دەبێت پێوەرەكانیان جارێكی تر مۆر بكرێتەوە بۆ ئەوەی سەرپێچی تێدا نەكرێت.

وشە/هەولێر-رامیار جەواد 



وشە - تایبه‌ت


PM:07:59:20/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 1447 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌