سبەی سلێمانی 250 تۆن گۆشت دەخوات

:: PM:08:14:20/03/2018 ‌

بەهۆی جەژنی نەورۆز و چوونە دەرەوەی هاووڵاتیان بۆ گەشت و سەیران خواستێكی زۆر لەسەر گۆشتی مریشك و گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بڕی فرۆشراوی گۆشت بۆ ئەم نەورۆزە ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئادار/ مارس، سۆران غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند, لە رۆژانی ئاسایی تەنها لە یەك رۆژدا 70 تۆن گۆشتی مریشك دەخورێت, هەروەها 90 تۆن گۆشتی سوور دەخورێت.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی دەڵێت, بەشێوەیەكی گشتی تەنها لە یەك رۆژدا زۆرترین گۆشت دەخورێت كە دەگاتە 160 تۆن گۆشتی مریشك و گۆشتی سوور.

غەفور زیاتر گوتی, لە بۆنەكاندا فرۆشتنی گۆشت و مریشك بەهۆی ئەوەی خواست لەسەری بەرزدەبێتەوە بۆ نزیكەی دوو هێندە زیاتر دەبێت, بە تایبەتی لە رۆژانی جەژنی نەورۆز كە زۆرترین گۆشت دەفرۆشرێت.

ئەو بەرپرسەی حكوومەت ئاشكرای كرد تەنها ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی زۆرترین گۆشتی مریشك و گۆشتی سوور فرۆشراوە كە تەنها گۆشتی سوور 140 تۆن فرۆشراوە و گۆشتی مریشك 110 تۆن فرۆشراوە كە بەشێوەیەكی گشتی دەكاتە 250 تۆن گۆشتی سپی و سوور.

ساڵانە لە جەژنی نەورۆز هاووڵاتیانی لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی ئامادەكردنی ژەمێكی بەتام پەنا بۆ كڕینی گۆشت و بەرهەمەكانی گۆشتی مریشك دەبەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد