یەكەمین و دواین سینەما و یەكەم فیلمی 3D لە كەركووك

:: PM:09:23:20/03/2018 ‌

مێژوی فیلمسازی و دروستكردنی هۆڵی نمایشكردنی تایبەت بە فیلمی سینەمایی لە دنیادا زۆر كۆن نین، لە كۆتای ساڵانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای ساڵانی سەدەی بیست لە دنیادا سەری هەڵدا. پاش جەنگی یەكەمی دنیا لە شارەكانی عێراق هۆڵەكانی سینەما دروست كران. هەرچەند مێژوویەكی دیاریكراو نییە بۆ دروستكردنی یەكەم هۆڵی سینەما لە كەركووك، بەڵام بەپێی ناوەكەی (سینەمای مەلیك غازی) كە یەكەم هۆڵ بووە لەو شارە بۆ نمایشكردنی فیلم لە جێی (بانكی رافیدەین) و پردی (شەهیدان)ی ئێستە بووە, وا دەردەكەوێت لە ساڵانی سییەكانی سەدەی رابردوو و لە ماوەی حوكمڕانی مەلیك غازی، دروست كرابێت.

وەك مامۆستا جەمال محەمەد ساڵح /87 ساڵ/ كە یەكێك بووە لە عاشقانی سینەما روونی دەكاتەوە، سینەمای مەلیك غازی لە ساڵانی سییەكان دروست كراوە. ئەو گوتی "ئەو هۆڵە كە لەناو خەڵك بە "سینەما غازی" ناسرابوو, خاوەنی سینەماكە ناوی (زۆرۆ) بوو، لە جووە دەوڵەمەندەكانی كەركووك بوو، بەڵام ساڵی 1948 وەك زۆربەی جووەكانی عێراق كەركووكی جێ هێشتووە و چووە فەڵەستین, ئیتر وەزارەتی دارایی حكوومەتی پادشایی عێراق دەستی بەسەر سینەماكەدا گرت‌ و كردی بە هی دەوڵەت و دواتر بەكرێی دا.

بەپێی گوتەی ساڵح "ئەوكات دوو برا بەناوەكانی (تاهیر و تەیب) سینەماكە بە كرێ دەگرن و دواتر هۆڵێكی تر دروست دەكەن بەناوی سینەما ئەتڵەس".

لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكان بەهۆی دروستكردنی پردی شەهیدان، نیوەی سینەما غازی دەكەوێتە بەر پڕۆژەكە، بۆیە وەزارەتی دارایی دەیڕووخێنێت و لە جێكەی بانكی رافیدەین دروست دەكات كە تا ئێستەیش ماوە. 

"بەناوبانگترین فیلم كە لە سینەماكەی كەركووك پێشان درابێت، فیلمی (كۆڵومبس) بوو كە چەند مانگێك بەردەوام نمایش دەكرا، جارێكیان فیلمێكیان نمایش كرد لە جۆری (تەكنیكەڵەر) "ئێستە پێی دەڵێن D3" هەر بینەرێك بچووایە بۆ بینینی ئەو فیلمە، لە دەرگەی سینەماكە چاویلكەیەكی پلاستیكی رەنگاوڕەنگیان دەدایە تا لە كاتی نمایشی فیلمەكە لە چاوی بكات, بە عەرەبی پێیان دەگوت: (قوص مجسم) كە سەیری فیلمەكەت دەكرد وای دەردەكەوت ئەكتەرەكان بە راستی لە بەردەمتدان. جگە لەم فیلمانە دەیان فیلمی عەرەبی (ئوم كەلسووم و محەمەد عەبدولوەهاب) چەندان هەفتە نمایش دەكران" جەمال محەمەد ساڵح وای گوت. 

بۆ زیاتر شارەزابوون لە جۆری بینای سینەمای مەلیك غازی و نرخی چوونە ژوورەوە، ئەحمەد سەید نووری /76 ساڵ/ كە یەكێك بووە لە بینەرانی بەردەوامی فیلمەكان. بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكان بەردەوام هاتوچۆی سینەما غازی دەكرد، چونكە بەناوبانگ بوو بە نمایشكردنی فیلمی باش, بەرلەوەی فیلمەكە دەست پێ بكات، پێشەكی وێنەی (مەلیك فەیسەڵی دووەمی نیشان دەدا لەگەڵ مارشی سەلامی مەلەكی) ئامادەبووان هەموو بەپێوە و دەست لەسەر سینگ دەوەستان تا مارشەكە تەواو دەبوو.  زیاتر گوتی "بەناوبانگترین ئەو فیلمانەی لەوێ نمایش دەكران، بریتی بوون لە (تەڕەزان, رۆبن هوود, فیلمی كۆمیدی لۆری و هاردی) كە زۆرترین ماوە نمایش دەكران". 

لەبارەی شێوازەكانی رێكلامكردن، سەید نووری دەگێڕێتەوە كە وێنەی فیلمەكە لەسەر تەختەیەك لەسەر سەرشانی چەند كەسێك دادەنران و كۆڵان بەكۆڵان دەگەڕان و رێكلامیان بۆ دەكرد، هەموو رۆژێكیش لە كاتی تەواوبوونی دەوامی كۆمپانیای نەوت و سەربازگەی كەركووك، دەچوونە سەر رێی كۆمپانیا و سەربازگەكە و تابلۆیەكی گەورەی فیلمەكەیان لەسەر عەرەبانەیەكی تایبەت دادەنا و بە ئاوازێكی تایبەت باسیان لە چیرۆكی فیلمەكە و ناوی پاڵەوانەكانیان دەكرد. 

ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە لەو سەردەمەدا بەناوبانگترین كەسایەتییەكانی رێكلامكردن (دایی عزەتی توركمان و عەلی تەرەزانی كورد) بوون. 

لە سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، لاوێكی كورد بەناوی (مەحموود رۆستەم) دانیشتووی گەڕەكی شوان نزیكی سینەماكانی كەركووك كە هاوكات شاگردی چایخانە بووە، لە چایخانەكەی باوكی لە تەنیشت سینەما "عەلەمێن"، زوو زوو خۆی لە باوكی دەدزییەوە و خۆی دەكرد بە سینەمادا، ئەو بینەرێكی وردی بەردەوامی فیلمەكان بوو بەتایبەتی ئالوودەی فیلمی ئەمەریكی بوو، رۆژێك رەخنەیەك لە فیلمێكی ئەمەریكی دەگرێت و بەنامە دەینێرێت بۆ هۆلیوود، ئەوانیش لە رێی باڵوێزخانەی ئەمەریكاوە لە عێراق، خۆی و خێزانەكەیان دەبەن بۆ هۆلیوود و لەوێ‌ متمانەی پسپۆڕ و فلتەری ئەو فیلمانەیان پێ دا كە هۆلیوود بەرهەمیان دێنێ‌. 

رێككەوتنی مەحموود و هۆلیوود بەو شێوەیە بووە كە "هەر فیلمێك تەواو بێت تا مەحموود رۆستەم نەیبینێ‌، ناخرێتە بازاڕی سینەماكانەوە و نمایش ناكرێن". 

لە پاش سینەما غازی، ئەم سینەمایانە دروست كران، (ئەتڵەس, خەیام, عەلەمێن, حەمڕا, نجووم, سەڵاحەدین)، دوایەمینیان سینەما (قەڵا) لە شەقامی ئەتڵەس لە تەنیشت سینەما ئەتڵەس هاتە بنیاتنان.

جیا لەمانە، چەندان سینەمای هاوینە هەبوون و نزیكەی 17 یانەی كۆمەڵایەتی هەبوون وەك یانەی پزیشكان، كرێكاران، ئەندازیاران، نەوت و.. هتد، لە هەموو یانەكانیش دوو شاشەی سینەمای زستانە لە هۆڵەكانیان و هاوین لە باخچەی یانەكان هەبوون. بەمەش دەتوانین بڵێین زۆرترین هۆڵی سینەما لە پاش بەغدا، لە شاری كەركووكدا هەبووە.  

تەقی مووسا حوسێن /80 ساڵ/ كە بریكاری خاوەن سینەما قەڵایە لە كەركووك، بۆ "وشە" دووپات لەوە دەكاتەوە كە قەڵا دواین سینەمایە و لە 6/4/2000 كراوەتەوە. وەك خۆی دەڵێ "دڵنیام دوای ئەمە هیچ سینەمایەكی تر ناكرێتەوە, چونكە  لە ساڵی 2003وە و پاش رووخانی بەعس، یەك فیلمی تێدا نمایش نەكراوە، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی سیدی و DVD و سەتەلایت و ئینتەرنێت بەپلە یەك و ئاڵۆزیی باری تەناهیی شارەكە هۆكارێكی ترە بۆ نەچوون بۆ سینەما و نەمانی سینەما. 

لە پرسیاری ئەوەی ئەگەر فیلمی نوێ‌ بێنن نابێتە هۆكارێك بۆ كۆكردنەوەی بینەری سینەما؟ تەقی گوتی "ئێمە 300 فیلممان هەیە و دەتوانین نوێترین فیلمی دنیا بێنین، بەڵام ناتوانین تاقە بینەرێك بێنین, بۆیە ئێستە هۆڵەكە بۆ ئاهەنگی بووك گواستنەوە و نمایشی شانۆیی بەكرێ‌ دەدەین".

 عیماد نوورەدین جاسم /51 ساڵ/, كارمەندی پەخشی سینەمای قەڵا، نیگەرانە لەوەی لە عێراق بەگشتی و كەركووك بەتایبەتی، سینەما نەماوە. ئەو دەڵێ "لە وڵاتانی دنیا سینەما هەر بەردەوامە و بینەری خۆی لە دەست نەداوە, لە ژاپۆن سینەمایەك بەهۆی هەڵەیەكی هونەری یەك رۆژ داخرا, حكوومەتی ئەو وڵاتە سزای خاوەن هۆڵەكەی دابوو. ئەڵمانییەكان ئەگەر میوانێكی فرە ئازیزیان هەبێت، دەیبەن بۆ سینەما".

وشە/كەركووك- عەبدولستار جەباری 



وشە - تایبه‌ت