خەڵكی هەولێر و دهۆكی تێدایە
لە كردنەوەی ئاگری نەورۆزی ئاكرێ 13 كەس بریندار بوون

:: PM:09:46:20/03/2018 ‌

بەهۆی جەنجاڵی و پاڵەپەستۆی گەشتیار و هاووڵاتیان لە مەڕاسیمی بەرێوەچوونی سەر ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆز و كردنەوەی ئاگر لە شارۆكەی ئاكرێ‌ زیاتر لە 13 هاووڵاتی بریندار بوون.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئادار/ مارس، سەباح زوهێر لە راگەیاندنی بەرێوبەرایەتی تەندروستی شارۆكەی ئاكرێ بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی پاڵەپەستو و جەنجاڵی گەشتیار و هاووڵاتیان لەكاتی بەرێوەچوونی هەڵگیرساندنی ئاگری نەورۆز 13 كەس بریندار بوون.

ئەو كارمەندەی تەندروستی ئاكرێ‌ دەڵێت، تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی شارۆكەی ئاكرێ بە چەند رێگاییەكی تایبەت و گەڕۆك توانیان هەموو بریندارەكان چارەسەر بكەن و دواتر بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شارۆكەی ئاكرێ كران.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە حكوومیە چوار كەس بەهۆی تەقەی خۆشی و چوار كەسیش بەهۆی یاریە ئاگرینەكان و كەسێك بەهۆی رووداوی هاتوچۆ و یەكی تریش بەهۆی شەر بریندار بوو، هەروەها كەسێكی تریش بە هەڵە نەوتی خواردووە و چەند كەسێكی تریش بە رووداوی جیاواز بریندار بوون كە ئەوانیش خەڵكی هەولێر و دهۆك و بەردەرش و ناوەندی شارۆكەی ئاكرێ بوون.

هەموو ساڵێك لە ئێوارەی 20ی ئادار ئاكرەییەكان بە شێوەیەكی جیاواز رێورەسمی هەڵگیرساندنی ئاگری نەورۆز بەپیادە بەبردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز  بو سەر قەڵای كۆنی ئاكرێ و قەڵای چوستەیان بەرگری لە ناسناوی پایتەختی نەورۆز دەكەن.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - رامیار جەواد