دایك و باوكی خوێندكاران: با بایكۆت بەس بێت

:: AM:11:32:25/11/2016 ‌


ئەگەرچی بایكۆت و داخستنی دەرگەی خوێندنگەكان لە سلێمانی بەردەوامە، بەڵام هەندێك خوێندنگە دەرگەكانیان كردووەتەوە و خەریكی ئامادەكارین بۆ دەستپێكردنەوی پرۆسەی خوێندن، قوتابییانیش لە پۆلەكانیانەوە چاوەڕوانی لێدانی زەنگی یەكەم وانەی ئەمساڵ دەكەن و ترسیان لە ڕەنج و چارەنووسی چەند ساڵی خوێندنیان هەیە. دایك و باوكی خوێندكارانیش دەڵێن، "با ئیتر بایكۆت بەس بێت".

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانیدا، نزیكەی 48 هەزار مامۆستای بنەڕەتی و ئامادەیی و نزیكەی 750 هەزار قوتابی هەن، ئەو مامۆستا و قوتابخانانە بەسەر دوو بۆچوونی جیاوازدا دابەش بوون، بەشێكیان لەگەڵ بەردەوامی بایكۆت و بەشێكی تریشیان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامدان.

مەهاباد مستەفا، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ڕزگاری نموونەیی بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، شەمووی ڕابردوو لە كۆی 39 مامۆستا 34 مامۆستا ئامادەی كۆبوونەوەی خوێندنگەكە بوون و هەموویان داواكاری و ئامادەیی دەستپێكردنەوەی دەوامیان دەربڕی.

ئەو گوتی، "ئێمەش ناڕازین لەو دۆخە، بەڵام لە ناڕازیبوونمانەوەیە كە دەرگەی خوێندنمان كردووەتەوە و تەنیا ویژدانمان بۆ ئەوەیە سبەی بەرامبەر منداڵەكانمان تاوانبار نەبین كە ساڵێكی خوێندنیان بۆ هەژمار نەكرێت".

خوێندنگەی ڕزگاری نموونەیی یەكێكە لە خوێندنگە دیارەكانی سلێمانی و نزیكەی 500 خوێندكاری هەیە.

بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە زیاتر دەڵێ‌، "هەموو قوتابییەكان منداڵی هەژارن و ئەو مامۆستایانەش دەوام ناكەن، پێویستە سەرەتا منداڵەكانی خۆیان لە خوێندنگە ئەهلییەكان بێننە دەرەوە".

ماوەی دوو مانگە پرۆسەی خوێندن لە كوردستان دەستی پێ‌ كردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بایكۆتەوە، خوێندنگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و یەكە كارگێڕییەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان خوێندن تیایاندا وەستاوە و زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ‌ نەدراوە، ئەمەش ناڕەزایی دایك و باوكی خوێندكارانی لێ كەوتووەتەوە و دەڵێن، "با ئیتر بایكۆت بەس بێت".

زوڵێخا كەریم /42 ساڵ/ چوار منداڵی لە خوێندندان، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە كە ئەوان وەك دایك و باوكی منداڵ نیگەرانن لە نەكردنەوەی خوێندنگە، چونكە بە گوتەی ئەو چارەنووسی منداڵەكانیانی پێوە بەستراوە.

زولێخا زیاتر گوتی، "ئێمەش دەڵێین ئەوەی بەرامبەر مامۆستا دەكرێت ناحەقییە، بەڵام ناكرێت تۆڵەی كەمتەرخەمی و گەندەڵی حكوومەت لە منداڵەكانی ئێمە بكرێتەوە كە خۆیشمان قوربانین".

هاوكات سەركەوت جەمال، /31 ساڵ/ منداڵێكی لە قۆناغی بنەڕەتیدایە، هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەو چەندان جار چووەتە سەر شەقام بۆ پشتگیریی لە مامۆستایان، بەڵام ئێستە داوای دەستپێكردنەوەی دەوام دەكاتەوە.

ئەو بۆ "وشە" گوتی، "حكوومەت بێباكە، ئیتر كاتی ئەوەیە مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن و چارەنووسی ساڵێكی خوێندنی منداڵەكانمان نەفەوتێت".

ئێستە پرۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و یەكە كارگێڕییەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە بەردەم مەترسیی هەژمارنەكردندایە، ئەگەر مامۆستایان زیاتر بەردەوام بن لە بایكۆتكردن و نەكردنەوەی هۆڵەكانی خوێندن.

سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت