دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو حكوومەتی عێراق بڕێك پارەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرد بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی بە پاشەكەوتەوە پێ دابین بكات، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە كە ناردنی ئەو پارەیە لەسەر چ بنەمایەك بووە و تاكەی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئادار/ مارس، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو پارەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ناردووە پێوەندی بە بەشە بودجەی ساڵی 2018ی هەرێمەوە نییە، بۆیە دەبێت بەغدا ڕوونی بكاتەوە كە ئەو پارەیەی لەسەر چ بنەمایەك ناردووە.
زیاتر گوتی، ڕوون نییە كە ئەو پارەی لە بەغداوە نێردراوە وەك سولفەیەكە یان لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی نێوان هەرێم و بەغدایە، بۆیە لەوبارەیەوە داوای روونكردنەوە لە حكوومەتی عێراق دەكەین.
لەبارەی ئەوەی كە پێشبینی دەكەن ناردنی ئەو پارەیە لەلایەن بەغداوە بەردەوام بێ، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی، ئەوەیش دیار نییە بەهۆی ئەوەی بنەمایی ناردنی پارەكە ڕوون نییە.
هاوكات دوێنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان لە لێواری بووژاندنەوە و ئاوەدان بوونەوەی زیاتر دایە، ئومێدی هەبوو كە رەوشی دارایی هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە.
لەكاتی ناردنی ئەو پارەیە لە بەغداوە، حكوومەتی هەرێم ڕای گەیاند كە وەزارەتی دارایی ناتوانێت بەو بڕە پارەی لە بەغداوە نێردراوە مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بكات، بەڵام روونی نەكردەوە كە ئەو پارەیە لەسەر چ بنەمایەك ڕەوانە كراوە.
لێرە ڕاگەیەندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچە دوای ناردنی بڕێك پارە لەلایەن بەغداوە بخوێننەوە.