ترەمپ پاشای مایەپووچبوون دەكاتە وەزیری بازرگانی

:: AM:11:50:25/11/2016 ‌

میدیاكانی ئەمەریكا ئاماژە بەوە دەكەن، كە دۆناڵد ترەمپی 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە خەریكی دانانی كابینەی نوێی حكوومەتەكەیەتی، بڕیاریدا بارزگانێك بكاتە وەزیری بازرگانی ئەمەریكا كە بە "پاشای مایەپووچی" ناسراو.

ویلبەر رووس سەرمایەدارێكی ئەمەریكی تەمەن 78 ساڵە و ئەو بەردەوام ئەو كۆمپانیا و كارگە گرنگانە دەكڕێتەوە, كە مایەپووچیان ڕاگەیاندووە یان نزیكبوونەتەوە لە مایەپووچی "ئیفلاس"، دووبارە پەیكەری كۆمپانیاكان دادەڕێژێتەوە و بە سیاسەتێكی نوێی كاركردن ئاراستەیان دەكاتەوە و دوای خستنەوە سەر پێ، دەتوانێ قازانجێكی زۆریان لێ بكەن.

رووس لە رۆژانی ڕابردوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆبووەتەوە و بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیان كردووە، ئەو سەرمایەدارە پۆستی وەزیری بازرگانی لە حكوومەتە نوێكەی دۆناڵد ترەمپ وەردەگرێ، كە 20 كانوونی دووەم/یەنایەر دەست بەكار دەبێت.

ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا كە پۆستێكی گرنگ لە حكوومەتەكەی بە ویلبۆر رووس بدات، ئەگەر لە هەڵبژاردن سەركەوتوو بێ و ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا.

بۆیە میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەگەرێكی زۆر بەهێزە و زانیارییەكان لە ترەمپ تاوەرەوە دزەیان كردووە، كە ئەو سەرمایەدارە پۆستی وەزیری بازرگانی نوێی ئەمەریكا لە حكوومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ وەردەگرێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د