نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا

:: PM:02:12:22/03/2018 ‌

نرخی نەوت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕۆ بۆڕسەوە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بە ریژەیەکی بەرچاو لە نرخەکەی بەرزبووەوەتەوە، بە شێوەیەک لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، هەرچەندە ئەمڕۆ پێنجشەم کەمێک  لە نرخەکەی دابەزی.


رۆژی دووشەم کە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد، لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازاڕەدا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد بەڵام دواتر هەڵکشا و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا نرخی نەوت لە ٦٦ دۆلارەوە بەرزبووەوە تا نزیکەی ٧٠ دۆلار. لە هەشت سەعاتی رابردوودا نرخی نەوت کەمێک دابەزیوە و ئێستە هەر بەرمیلێکی بە ٦٩ دۆلات و ٢٠ سەنت دەفرۆشرێت.

بە گوێرەی dailyfx لە سەرەتای هەفتەکە بۆ دووەم هەفتەی لە دوای یەك پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا زیادی كرد و ئەمەش هۆكار بوو لەوەی نرخی نەوت دابەزین تۆمار بكات. بەڵام دوایین زانیارییەکانی دوو رۆژی رابردوو ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئاستی کۆگاکانی نەوتی ئەمەریکا دابەزیوە و ئەوەش وای کرد نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوە بکات.


نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو و هەر كاتێك نرخی  نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە ئەوا نرخی نەوتیش روو لە دابەزین دەكات.

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد و تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ لە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوە بۆ ٢٧ دۆلار دابەزی كە كاریگەریی زۆر خراپی خستە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و دواتر ئەو رێوشوێنانەی ئۆپێك و وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت گرتیانە بەر توانیان نرخی نەوت بەرز بكەنەوە.





وشە - سلێمان تاشان