ژنان بە نانی تیری تەنگژەی دارایی تێپەڕ دەكەن

:: PM:12:12:25/11/2016 ‌


ژنەكان لە دووكانێكی بچووكدا كە راستەوخۆ كەوتووەتە سەر شەقامی هەڤاڵان لە شاری هەولێر، خەریكی دروستكردنی نانی تیرین، ئەوان لەوكاتەوە بڕیاری كردنەوەی دووكانەكەیان دا كە تەنگژەی دارایی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرت. شارەزایانی ئابووری و توێژەرانی كۆمەڵایەتی پێیان وایە، یەكێك لە لێكەوتە كۆمەڵایەتییەكانی تەنگژەكە، سوودوەرگرتنە لە توانا مرۆیییەكانی ژنان لە بازاڕی كاردا.

نازەنین عەلی یەكێك لەو ئافرەتە نانكەرانەیە و بە "وشە" دەڵێ‌، "هاوسەرەكەم فەرمانبەرە و بە چەند مانگ مووچەیەكی كەم وەردەگرێت كە بەشی پێویستییەكانمان ناكات، لەبەرئەوە بیرمان لەوە كردەوە دەست بە دروستكردنی نان بكەین و لەكارەكەماندا سەركەوتوو بووین".

نازەنین و دوو لە ژنە ناسیاوەكانی پێش ئەوەی ئەو دووكانە بكەنەوە، هەریەك لە ماڵی خۆیانەوە دەست بە دروستكردنی نان دەكەن، بەڵام دواتر بیر لەوە دەكەنەوە، دووكانێك بەكرێ‌ بگرن و بەیەكەوە كار بكەن، ئەوەش یارمەتی كڕیارەكان دەدات بەشێوەیەكی رێكخراوتر پێوەندییان پێوە بكەن و بازاڕێكی باشتر مسۆگەر بكەن.

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "كاتێك لە ماڵەوە نانمان دروست دەكرد، بەرێگەی خزمایەتی و دراوسێكانەوە كڕیارەكان دەهاتن، بەڵام ئێستە كە دووكانێكمان لەسەر شەقامێكی گشتی هەیە، جگە لە موشتەرییەكانی خۆمان، ئەو هاووڵاتییانەی لەم شەقامەوە رەت دەبن و بەڕێكەوت دووكانەكە دەبینن، داوای نان دەكەن".

لە دووكانەكەی نازەنین و هاوڕێكانی، 100 نان بە 25 هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئەوان بە سیستەمێكی هاوشێوەی نانەواخانەكان كار دەكەن، هەر خۆیان ئارد دابین دەكەن و پاش ئەوەی دەیكەن بە نان، راستەوخۆ بە كڕیارەكانی دەفرۆشن، لەكاتێكدا هەندێك لە ژنە نانكەرەكانی تر، ئارد لەو كەسە وەردەگرن كە نانی بۆ دروست دەكەن و بەوەش پارەیەكی كەمتر وەردەگرن، چونكە تەنیا پارەی دروستكردنی نانەكە وەردەگرن.

فرۆشتنی نانی تیری لەسەر ئەو شەقامە سەرەكییانەی هەولێر بە شارەكانی ترەوە گرێ‌ دەدات، وەك دیاردەیەكی بەربڵاوی لێ هاتووە. لەمبەر و ئەوبەری جووتسایدی هەولێر-كۆیە، چەندان ئۆتۆمبێلی تایبەت وەستاون كە پڕن لە دەستەی ئامادەكراوی نانی تیری.

ناجح كەمالی تەمەن 47 ساڵ، ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی پڕ كردووە لە نانی تیری و هاوشێوەی ئەوانی تر نان دەفرۆشێت.

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "هاوسەر و كچەكانم لە ماڵەوە نان دروست دەكەن و خۆم و كوڕێكم دەیفرۆشینەوە، هەندێكیش لە كڕیارەكان راستەوخۆ لە ماڵەوە نانمان لێ‌ دەكڕن".

 ئەوانەی نان لەسەر شەقامەكان دەفرۆشن، دەستە نانەكەیان لەناو نایلۆنێكی روون بەستووە و لەسەر نایلۆنەكە ناوی نانكەرەكە هەیە. لەسەر دەستە نانەكانی ناجح و لە پارچە كاغەزێكی بچووكدا ناوی (وەستا شادیە) لەگەڵ ژمارەی مۆبایلەكەی نووسراوە، ئەوە ناوی هاوسەرەكەی ناجحە.

ناجح  زیاتر دەڵێ‌، "زۆر كەس پاش ئەوەی نانیان لێ‌ كڕیوین، دووبارە دەهاتنەوە دەیانگوت دەمانەوێت نان لە ئێوە بكڕین، بۆ ئەوەی ئاسانتر بماندۆزنەوە، بیرمان لەوە كردەوە كە ناو و ژمارەی تەلەفۆن لەسەر نانەكە دابنێین، تا ئەگەر كڕیارێك بۆ یەكەم جار نانی لێ كڕین و بە نانەكە رازی بوو، دواتر پێوەندیمان پێوە بكات، بەتایبەت كە ئێمە شوێنێكی دیاریكراومان نییە و هەر ماوەیەك لە شوێنێك دەوەستین".

ئایا ناجح و هاوسەرەكەی هیچ پارەیەكیان بۆ دەمێنێتەوە، ناجح بە پێكەنینەوە دەڵێ‌، "لە مووچەی خانەنشینییەكەم باشترە. هاوسەرەكەم بڕیاری داوە هەر واز لە پیشەكە نەهێنێت و پێی وایە ئەگەر تەنگژە ئابوورییەكە كۆتای بێت، بازاڕی نانی تیری باشتر دەبێت، چونكە خەڵك پارەیەكی دەبێت و زیاتر روو لە كڕینی نانی تیری دەكەن".

هەندێك لە توێژەرانی كۆمەڵایەتی تێبینی ئەوەیان كردووە، ئەو تەنگژە دارایییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، چەند لێكەوتی كۆمەڵایەتی بە ئاراستەیەكی ئەرێنی بەدوا خۆیدا هێناوە و یەكێك لەو لێكەوتانەش هاتنەپێشەوەی هێزی كاری ژنانە لە بازاڕی كاردا.

هێرۆ نامیق توێژەری كۆمەڵایەتی بە "وشە" دەڵێ‌، "هەر تەنگژە و رووداوێكی گەورە، كۆمەڵێك لێكەوتی ئەرێنی و نەرێنی بەدوای خۆیدا دێنێت، ئێستە زۆر خێزان كە ناتوانن بە مووچەیەكی كەمەوە بژین، لەكاتێكدا پێشتر سەرچاوەی دارایییەكە یان دابینكردنی ئەو مووچەیە پیاوەكە بووە، بەڵام ئێستە ژنان هاتوونەتە پێش و دەتوانن بەو توانا و شارەزایییەی هەیانە، سەرچاوەیەكی داهات بۆ خێزانەكە دابین بكەن".

ئەو دەڵێ‌، "هاتنەپێشەوەی هێزی كاری ژنان لە بازاڕی كاری هەرێمی كوردستاندا، هەرچەند وەك دەردەكەوێت بەهۆی تەنگژەیەكی نەرێنی رووی داوە، بەڵام خۆی لێكەوتێكی ئەرێنییە لەرووی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە ئەوە یارمەتیدەر دەبێت لە شكاندنی ئەو كۆتە نەریتییەی رێگری لە بەگەڕخستنی هێزی كاری ژنان لە بازاڕی كاردا دەكات و لە قۆناغەكانی داهاتوودا بەشداری ژنان لە بازاڕی كاردا زیاتر گەشە دەكات".

توێژەرەكە كۆمەڵایەتییەكە پێی وایە، "ئەگەر خێزانەكان لە قۆناغی پێش تەنگژەی دارایی، سوودیان لە بەگەڕخستنی هێزی كاری ژنان وەرگرتبووایە، قەبارەی كاریگەری تەنگژەكە بەو شێوەیە لەسەر خێزانەكان نەدەكەوت، لەكاتێكدا ئێستەش ئەو خێزانانەی كە هێزی كاری ژن لە تەك هێزی كاری پیاو بەگەڕ خراوە تیایاندا، رادەی تەنگژەكە لە سەریان كەمترە".



وشە - ڕێبین فه‌تاح