بەڕێوەبەری وەبەرهێنان: دۆخی ئێستەی وەبەرهێنان لە بووژانەوەدایە

:: PM:03:48:22/03/2018 ‌


شەڕی داعش لە ڕابردوو و درێژبوونەوەی تەنگژەی دارایی، داوای مۆڵەتی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی نەوەستاندووە و هێشتا كەم نین ئەو وەبەرهێنەرانەی سەرمایەكانیان لە كوردستان وەگەڕ دەخەن. لە چوار ساڵی تەنگژەدا مۆڵەتی ١٨٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سێكتەرە جیاكان، بە بەهای ١٠ ملیار دۆلار وەرگیراوە و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی كوردستان دەڵێ، "دۆخی وەبەرهێنان گەلێك لە ساڵان باشترە".

پڕۆژەكانی وەبەرهێنان ئەو پڕۆژانەن كە وەبەرهێن سەرمایەكەی خۆی لە كوردستان دەخاتە گەڕ و لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد بوون. بەشێوەیەك لە ساڵانی بەر لە تەنگژەی دارایی ژمارەی پێوانەیییان تۆمار كرد. ساڵی ٢٠١٢ گەیشتە لووتكە و ١٢٩ مۆڵەتی وەبەرهێنان لە دەستەی وەبەهێنان بە بەهای شەش ملیار و ١٣٣ ملیۆن و ٤٠ هەزار دۆلار وەرگیرابوو. 
لەگەڵ ئەوەی چوار ساڵە تەنگژەی دارایی، داری بەڕۆحی خەڵكی كوردستاندا داوە و ڕۆژانی سەخت بەڕێ دەكەن، بەڵام تۆماركردن و بنیاتنانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان هەر بەردەوامە.

بوارەكانی وەبەرهێنان زۆرن و یەك لەوانەی لە ساڵانی تەنگژەی داراییدا بنیاتی ناوە، پڕۆژەی "ڕێباز"ـە. ئەو پڕۆژەیە لە ڕێی بێستانە لە گوندی گۆمەگڕوی هەولێری پایتەخت هەڵكەوتووە لە بواری كشتوكاڵی و پەلەوەر و ئالیك و هێلكە، بەرهەمهێنان دەكات و خاوەنەكەی زانا فازڵ ڕای دەگەیەنێ، كە كارەكانیان بەردەوامە و بازاڕیان بۆ بەرهەمەكانیان كردووەتەوە. بەڵام نیگەرانە لەوەی "لەبەر بەرهەمی هاوردە، بەرهەمەكانمان ڕەوانەی ناوەڕاستی عێراق دەكەین".

ئەوە هەر زانا نییە لە ساڵانی تەنگژەی داراییدا پڕۆژەی وەبەرهێنانی ڕۆ ناوە. بەڵكو بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، لە چوار ساڵی تەنگژەی داراییدا ١٨٠ مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە كوردستان دراوە بە بەهای ١٠ ملیار و ٤٣٦ ملیۆن و ٧٣٥ هەزار دۆلار. 

ئەو پڕۆژانە لە سێكتەرەكانی بازرگانی، بانك، تەندروستی، پیشەسازی، خزمەگوزاری، گەشتیاری، فێركردن، كشتوكاڵ و وەرزش بوونە. لە ناویاندا پارێزگای دهۆك، لە ساڵانی تەنگژەدا زۆرترین داخوازی وەبەرهێنانی تێدا بووە و بە ٧٩ پڕۆژە بە پلەی یەك دێت و پارێزگای هەولێر بە ٦٢ پڕۆژە لە پلەی دووەم و پارێزگای سلێمانی كەمترین داواكاری پڕۆژەی وەبەرهێنانی هەبووە، كە لە چوار ساڵی تەنگژەدا ٣٩ مۆڵەتی وەبەرهێنانی هەبووە.

ئەوە لە كاتێكدایە بە بەراوردی چوار ساڵی بەر لە تەنگژەی دارایی، ژمارەكانیان زیاتر لە نیوە دابەزیوە. بەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە تا سەرەتای تەنگژەی دارایی كە ٢٠١٤ بوو، ٤٢٢ پڕۆژەی وەبەرهێنان بە بەهای ٢٥ ملیار و ٩٥١ ملیۆن و ١٩٤ هەزار دۆلار، مۆڵەتیان وەرگرتبوو. ئەوكات بە پێچەوانەی ساڵانی تەنگژەی دارایی، پارێزگای هەولێر بە ١٨٦ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پلەی یەك و دهۆك پلەی دووەم بە ١٢٥ پڕۆژەی وەبەرهێنان، ئەو كاتەیش سلێمانی هەر لە كۆتا و كەمترین پڕۆژەی وەبەرهێنانی تێدا كراوە، كە ١١٣ پڕۆژەی هەبووە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنان دەری دەخات كە هێشتا وەبەرهێن لە كوردستان بەیەكجار هیوابڕاو نەبوونە. موخڵیس سەلیم موراد بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ڕای دەگەیەنێ، ئەمساڵ و پار و پێرار، دۆخی وەبەرهێنان گەلێك لە ساڵی ٢٠١٥ باشترە و تا ئاستێك بووژاندنەوە هەیە. وەك ئەو گوتی "ئێستە وەبەرهێنی ڕاستەقینە پڕۆژەكانیان پێشكەش دەكەن و ڕۆژانەیش داواكاری پڕۆژە دێتە دەستەی وەبەرهێنان و مۆڵەتی كاریان پێ دەدرێت".

ئەو بەڕێوەبەرەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ "وشە" ئەوەیشی خستە ڕوو كە "ئێستە دەرفەتێكی باش بۆ وەبەرهێنی ڕاستەقینە ڕەخساوە تا پڕۆژەكانیان پێشكەش بكەن كە ڕكابەر وەك پێویست نییە، جاران ئەگەر لە بوارێكدا ١٠ وەبەرهێن پێشكەشیان دەكرد، ئێستە هەر خۆی لە مەیدانەكەیە و دەرفەتێكی لەبار بۆ وەبەرهێنی ڕاستەقینە ڕەخساوە".

بۆیە موخڵیس سەلیم لەڕێی "وشە"ـەوە داوا لە وەبەرهێنەران دەكات، "هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانیان هەیە، ئێستە پێشكەشی بكەن و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەكەین".

هەرچەندە لە ساڵانی فەرحانی تا ئاستێكی بەرچاو وەبەرهێنان لە كوردستان پێشڤەچوونی بەخۆوە دیوە، بەڵام ئەوانەیش بێ گرفت نەبوونە و تا ئێستەیش هەر كار بە یاسای ساڵی ٢٠٠٦ دەكرێت.

سەرباری ئەوەی بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو ئاوەدانییەی لە ساڵانی ڕابردوو كوردستان بەخۆیەوە دی، بەرهەمی یاسای وەبەرهێنانی ساڵی ٢٠٠٦ـە، بەڵام ئەوە ناشارێتەوە كە هیچ یاسایەك بێ كەموكوڕی نییە و دەڵێ، "چەند خاڵێكی یاسای وەبەرهێنانمان دەستنیشان كردووە كە بۆ ئەوكات باش بووە، بەڵام بۆ ئێستە پێویستی بە هەمواركردنەوەیە و لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەشنووسمان ئامادە كردووە تا لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموار بكرێتەوە".

لەگەڵ ئەوەی تەنگژەی دارایی بڕستی لە خەڵكی كوردستان بڕیوە، بەڵام بەردەوامی وەرگرتنی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان هیوایەكە لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی كوردستان، بەهۆیانەوە سیولە كەمتر دەچێتە دەرەوە و هەر لە ناوخۆ دەسووڕێتەوە و دەرفەت و هەلی كار دەڕەخسێنن و كوردستان لە بەرهەمی هاوردە ئەرخەیان دەكەن.

وشە/ هەولێر. چواس خالید





وشە - وشه‌