نرخی نەوت به‌رزتر بوویه‌وه‌

:: AM:08:56:23/03/2018 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە به‌رزبوونه‌وه‌ دایه‌ و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی له‌ بازاڕى بۆڕسەوە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە نرخەکەی بەرزبووەوەتەوە، بە شێوەیەک لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە.

له‌دوای ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نزم بووه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌زینى نرخی به‌رهه‌مهێنانی بازاڕی ئه‌مه‌ریكا نرخی نه‌وت به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆوه‌ بینی.

ڕۆژی دووشەمى ڕابردوو کە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد، لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازاڕەدا نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین كرد بەڵام دواتر هەڵکشا و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هه‌ینى 23ى ئادار، لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا نرخی نەوت لە 66 دۆلارەوە بەرزبووەوە تا نزیکەی 70 دۆلار. لە هەشت سەعاتی ڕابردوودا نرخی نەوت کەمێک دابەزیوە و ئێستە هەر بەرمیلێکی بە 69 دۆلات و 48 سەنت دەفرۆشرێت.

بە گوێرەی dailyfx لە سەرەتای هەفتەکە بۆ دووەم هەفتەی لە دوای یەك پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا زیادی كرد و ئەمەش هۆكار بوو لەوەی نرخی نەوت دابەزین تۆمار بكات. بەڵام دوایین زانیارییەکانی دوو رۆژی رابردوو ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئاستی کۆگاکانی نەوتی ئەمەریکا دابەزیوە و ئەوەش وای کرد نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوە بکات.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو و هەر كاتێك نرخی  نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە ئەوا نرخی نەوتیش روو لە دابەزین دەكات.

لە حوزەیرانی ساڵی 2014 ەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد و تا سەرەتای ساڵی 2016 لە سەرووی 100 دۆلارەوە بۆ 27 دۆلار دابەزی كە كاریگەریی زۆر خراپی خستە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و دواتر ئەو رێوشوێنانەی ئۆپێك و وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت گرتیانە بەر توانیان نرخی نەوت بەرز بكەنەوە.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران