"وشە"‌ نهێنییەكانی پشت كێڵگەكانی حەشیش لەناو كێڵگەی نەوتی تەقتەق ئاشكرا دەكات

:: PM:02:00:25/11/2016 ‌
دۆزینەوەی دوو كێڵگەی رووەكی مادە هۆشبەرەكان لە ناو كێڵگەی نەوتی تەقتەقدا، شڵەژانێكی تەواوی لەناو كۆمپانیا نەوتییەكە دروست كردووە. بەهۆیەوە كارمەندێكی پلەباڵای كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆ گیراوە و تۆمەتباری نەگیراویش هەیە كە كارمەندی پلەباڵای كۆمپانیا نەوتییەكەیە.

لە 30ی تشرینی یەكەمی 2016دا، هێزێكی ئاسایش هەڵیكوتایە سەر كێڵگەی نەوتی تەقتەق، هێزەكە لەسەر بنەمای زانیاریی پێشینە، دوو كێڵگەی چاندنی رووەكی مادەی هۆشبەرییان لە جۆری حەشیش-گراس ئاشكرا كرد و چەند كەسێكیان بەو هۆیەوە گرت.
لە بەدواداچوونێكی مەیدانی "وشە"دا، دەركەوتووە، كێڵگەی یەكەم كەوتووەتە ناو بەشی وۆركشۆپ كە راستەوخۆ لە بازنەی كەمپی كۆمپانیای سەركاری كێڵگەی نەوتی تەقتەق هەڵكەوتووە و كێڵگەی دووەمی حەشیشەكە كەوتووەتە سنووری بیرە نەوتی ژمارە 12 لە كێڵگە نەوتییەكەدا. 
كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆی هاوبەش لە نێوان جەنەڵ ئینێرجی ئەنگلۆتوركی و ئەداكس پێترۆلیەمی كەنەدی سەركاری كێڵگەی نەوتی تەقتەقە كە لە رۆژئاوای كۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڵكەوتووە و نزیكەی 30 بیری نەوت لەخۆ دەگرێت.
سەرچاوەیەكی تایبەتی تەناهی لە كۆیە بە "وشە"ی راگەیاند، "ئاشكرابوونی ئەو دوو كێڵگەی حەشیشە، پاش دۆزینەوەی كێڵگەیەكی حەشیش دێت لە شارۆكەی بەحركەی سەر بە هەولێر كە بەهۆیەوە هەشت كەس گیران و لەوێوە ئاشكرا بوو دوو كێڵگەی تری حەشیش لەناو كێڵگەی نەوتی تەقتەق هەیە و ئاسایشی كۆیە بەپشتبەستن بە زانیارییەكانی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەكەیان گرت".
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، تۆمەتباری سەرەكی هەردوو كێڵگه حەشیشەكەی ناو كێڵگەی نەوتی تەقتەق، بەڕێوەبەری بەشی وۆركشۆپی كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆیە كە ئێستە لەلایەن ئاسایشەوە گیراوە و رادەستی دادگە كراوە و لە دادگەی كۆیە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
لە 9ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، عەمید عادل یاسین گوتەبێژی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە كۆیە، دۆزینەوەی هەردوو كێڵگە حەشیشەكەی پشتڕاست كردەوە، ئەو گوتی "بەو هۆیەوە سێ كەس گیراون"، بەڵام ناسنامەی گیراوەكانی ئاشكرا نەكرد.
تۆمەتبارە گیراوەكە لەلایەن كارمەندانی تی تی ئۆپكۆ بە "ئوستاز مەهمەت" دەناسرێت، ئەو لە بنەڕەتدا كوردی باكوری كوردستان/توركیایە. پێشتر دووجار لەلایەن تی تی ئۆپكۆ بڕیاری دەركردنی دراوە، بەڵام بە فشار و دەستێوەردانی هەندێك لە بەرپرسانی كۆمپانیا و دەستڕۆشتووانی ناوچەكە گێڕدراوەتەوە. "یەكێك لە بڕیارەكانی دەركردنی بە تۆمەتی دزیكردن بووه"‌، سەرچاوەیەكی تایبەت لە كێڵگە نەوتییەكە بە "وشە"ی گوت.
كێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ساڵی 2002 یەكەم گرێبەستی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان/كارگێڕیی سلێمانی و كۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی لەسەر ئیمزا كراوە و دواتر لە ساڵی 2008دا، گرێبەستێكی تر بە هاوبەشكردنی ئەداكس پێترۆلیەم ئیمزا كراوەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، 44%ی پشكەكانی كێڵگە نەوتییەكە بۆ جەنەڵ ئینێرجی، رێژەی 36%ی پشكەكانی بۆ ئەداكس پێترۆلیەم و 20%ی پشكەكانی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە خاوەندارێتی دەكرێت.
كارمەندانی پلەباڵای كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆ خۆیان لە هەر قسەكردنێك لەسەر مەهمەت و نهێنییەكانی پشت ئەو دوو كێڵگەی حەشیشە بەدوور دەگرن و نایانەوێت كەم تا زۆر قسەی تێدا بكەن، بەهۆی ئەو رووداوەوە شڵەژانێكی گەورە تی تی ئۆپكۆی داپۆشیوە.
زانیارییەكانی "وشە" دووپات لە تێوەگلانی لانی كەم بەرپرسێكی تری باڵای كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆ دەكەنەوە كە لەكاتی گرتنی تۆمەتباری یەكەمدا، بەمەبەستی پشوو بۆ وڵاتەكەی گەڕاوەتەوە و بەو هۆیەوە نەگیراوە، لەكاتێكدا تۆمەتباری دووەم كە هاوشێوەی مەهمەت بەڕێوەبەری بەشێكی تی تی ئۆپكۆیە، ماوەی پشووەكەی تەواو بووە، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان نەگەڕاوەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە دۆسیەكە بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، "تۆمەتباری دووەم بە نەتەوە توركە و بەمەبەستی پشوو، بۆ توركیا گەڕاوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئاشكرابوونی ئەو دوو كێڵگە حەشیشە، لە توركیاوە نامەی دەست لەكاركێشانەوەی بۆ تی تی ئۆپكۆ ناردووە".
"وشە" بەهۆی دروست نەكردنی كاریگەری لەسەر رەوتی لێكۆڵینەوە، ناو و پۆستی ئەو تۆمەتبارە دەپارێزێت كە هێشتا نەگیراوە.
بەگوێرەی داتاكانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر كە تیمەكانیان چوونەتە سەر هەردوو كێڵگەی حەشیشەكە، نزیكەی 150 شەتڵ لە رووەكەكە لە هەردوو كێڵگەی حەشیشەكە‌ چێنراوە كە لەكاتی پێگەیشتندا بە بەهای 250 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
كارمەندە كوردەكانی تی تی ئۆپكۆ، باس لەوە دەكەن كە مەهمەت بەردەوام خۆی وەك كەسێكی كوردپەروەر و هەندێك جار دۆستی پەكەكە ناساندووە، لانی كەم جارێك رووبەڕووی چەند كارمەندێكی تورك بووەتەوە كە بێڕێزییان بەرامبەر بە كورد و ئاڵای كوردستان و پەكەكە كردووە، لەو روانگەیەوە وەك كوردپەروەرێك سۆزی زۆریان بۆ هەبووە.
ساڵی رابردوو دوو لە منداڵەكانی مەهمەت لە توركیا كەوتوونەتە ناو حەوزی مەلەوانگە و خنكاون، بەو هۆیەشەوە زۆرێك لە كارمەندە كوردەكانی تی تی ئۆپكۆ، وەك پیاوێكی لێقەوماو و جێگە بەزەیی لێی دەڕوانن. 
یەكێك لە پاسەوانانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق بە "وشە"ی گوت، "مەهمەت پیاوێكی سەرەڕۆ بوو، بەخێرایی ئۆتۆمبێلی دەئاژوا، بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلێكی وەرگێڕا"، وەرگێڕانی ئۆتۆمبێلەكە هۆكاری بڕیاری دووەمی دەركردنی مەهمەت بووە لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكەوە، وەك سەرچاوەكانی "وشە" باسی دەكەن.
كاتەكانی دەوامی مەهمەت لەسەر بنەمای مانگێك كاركردن و مانگێك پشوو بووە، بەشێوەیەكی ئاسایی مانگێك لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق ماوەتەوە و مانگێك بۆ توركیا گەڕاوەتەوە. ئەوەش گومانی ئەوە دروست دەكات كە ئەگەر لەو مانگەی كە لە دەوام بووە، خۆی سەرپەرشتی پەروەردەكردنی كێڵگەكانی حەشیشی كردبێت، لەو مانگەدا كە لە پشوودا بووە، كێی تر سەرپەرشتی ئەو كێڵگانەی كردووە.
دۆزینەوەی دوو كێڵگەی حەشیش لەناو كێڵگەی نەوتی تەقتەقدا، كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆ و كارمەندانی بیانی لە كوردستاندا دەخاتە ژێر كۆمەڵێك پرسیاری قورسەوە، لەكاتێكدا كە سیاسەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پشتبەستنە بە هێزی كاری بیانی لە پلە باڵاكانی كار لە كەرتی نەوت و گازی كوردستاندا.
دۆزینەوەی هەردوو كێڵگەی حەشیش لەناو كێڵگەی نەوتی تەقتەقدا، جگە لە خودی تی تی ئۆپكۆ، توانا و مامەڵەی هێزەكانی پاراستنی تەناهی كێڵگەكە كە لە كۆمپانیایەكی تەناهی، هێزەكانی پاسەوانی نەوت، ئاسایشی ناوچەكە و كۆمەڵێك كارمەندی راهێنراوی تەناهی تایبەت پێك هاتوون، دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە كە تا ئێستە روون نییە ئایا لەرووی یاسایییەوە چۆن بەرپرسیارێتییەكیان لە ئەستۆ دەكەوێت.
وێڕای ئاشكرابوونی هەردوو كێڵگە حەشیشەكە و گرتنی كارمەندێكی باڵای كۆمپانیا نەوتییەكە و هەبوونی فەرمانی گرتن بۆ كارمەندێكی تری پلەباڵای كۆمپانیا نەوتییەكە، هێشتا تی تی ئۆپكۆ هیچ روونكردنەوەیەكی نییە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە بەرامبەر ئەو دۆسیەیەدا بێ دەنگیی هەڵبژاردووە.
پێ دەچێت كۆمپانیای تی تی ئۆپكۆ، ترسی لەوە هەبێت لە دوای راگەیاندنی هەڵوێست لەسەر ئەو دۆسیەیە، پشكەكانی لە بۆرسەكانی دنیادا داببەزن، لەكاتێكدا تا ئێستە هیچ رێوشوێنێكی كارگێڕی لەناوخۆی تی تی ئۆپكۆ و كێڵگەی نەوتی تەقتەق لە دوای ئاشكرابوونی هەردوو كێڵگەی حەشیشەكە لەبەر نەگیراوە، بە پێچەوانەوە وەك دەردەكەوێت تی تی ئۆپكۆ هەوڵی شاردنەوە و بچووكردنەوەی كەیسەكە بدات، لەكاتێكدا بۆ هەرێمی كوردستان پێویست دەكات وەڵامێكی باوەڕپێكەر هەبێت كە دڵنیایی بە هاووڵاتییان و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بدات و پێیان بڵێت ئەوە چی بوو روویدا.



وشە - ڕێبین فه‌تاح