دوای ئەوەی لە ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو بارانێكی زۆر لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان باری، پاشان توێژاڵێكی سپی و ژەهراوی بەسەر ئاوی ڕووباری یامونای سنووری دەلهی دروست بوو و هەمووانی شۆك كردووە.
هۆكاری دروستبوونی ئەو توێژاڵە ژەهراوییە بۆ زۆری پاشەڕۆی كارگە پیشەسازییەكان و پاشماوە كیمیایییەكانیان دەگەڕێتەوە، كە بە بەردەوامی و بێ هیچ سانسۆرێك دەیخەنە ناو ڕووبارەكەوە.
ڕووباری یامونا درێژییەكەی 855 میل دەبێ و تا گەیشتنی بە ڕووباری گانج و نزیك چیاكانی هیمالایا درێژ دەبێتەوە، تا ئێستە بە وردی لە ڕووی زانستییەوە نازانرێ ئەو كارلێكە چۆن دروست بووە، پێوەندی بارانبارین و پاشماوە كیمیایی و پیشەسازییەكانی ناو ڕووبارەكە چۆن چۆنی ئەو توێژاڵە ژەهراوییەی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام پێشتریش حاڵەتی هاوشێوەی لە دەریاچەی ڤارسوری ناوچەی بەنگەلۆر دروست بووە.
بەهۆی زۆری تێكردنی پاشەڕۆ بۆ ناو ڕووبارەكان و نەبوونی ژێرخانێكی ئاوی پێشكەوتوو و پێویست، زۆر لە ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەكان و تەنانەت كەنارە دەریایییەكانی وڵاتی هیندستان بوونەتە پیسترین شوێنی سەر گۆی زەوی و بەردەوام حاڵەتی نامۆ و ناوازەی تێیدا ڕوو دەدات، بەهۆی كارلێكی پاشماوەكان لەگەڵ ئاوی دەریا و ڕووبارەكان، مەترسی زۆریشی لەسەر ژیانی خەڵكی وڵاتەكە دروست كردووە.