لە دهۆك 35 كەس بریندار بوون

:: AM:10:20:24/03/2018 ‌

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردووی جەژنی نەورۆز لە سنووری پارێزگای دهۆك، 10 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و 35 كەس بریندار بوون، جیا لەوەی زیانی زۆری مادیش بەر ئۆتۆمبێل و شەقامەكان گەیشتووە.

ئازاد تەها بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەكەمی جەژنی نەورۆز لە سنووری دهۆك، پێنج ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دا، لە ئەنجامدا 21 كەس بریندار بوون، زۆربەی ئەو ڕووداوانەیش لە سنووری شارۆكەی شێخان و بەردەڕەش بوون.

زیاتر گوتی، لە ڕۆژی دووەمی نەورۆزیش سێ ڕووداوی هاتوچۆ هەبوون، حەوت كەس بریندار بوون و بەشێك لە برینداران برینەكەیان سەختە، ڕۆژی سێیەمیش دوو ڕووداوی هاتوچۆ برینداربوونی حەوتی كەسی لێ كەوتەوە.

ئاماژەی دا، تەواوی ڕووداوەكانی ئەو سێ ڕۆژە 35 برینداری لێ كەوتووەتەوە و سەرجەمیان بە پەلە گەیەنراونەتە نەخۆشخانه و بنكە تەندروستییەكان و فریاكەوتنی دهۆك تا چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێ، هۆكاری سەرەكی زۆرینەی ڕووداوەكانیش خێرایی لێخوڕین و قەرەباڵغی شەقامەكان بووە، بەهۆی چوونەدەرەوەی خەڵك بۆ گەشت و سەیران لە ڕۆژانی نەورۆز، هاوكات جێبەجێ نەكردنی ڕێنوێنییەكانی پۆلیسی هاتوچۆ لەلایەن شوفێرانەوە و پابەندنەبوون بە یاساكان، ئەو كارەساتانەی لێ كەوتووەتەوە.

دهۆك / نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د