ئەو مووچەی رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید داوای دەكات چەندە؟

:: AM:11:15:24/03/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی خوازیارە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رێك بكەوێ بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستێكی نوێ.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ خوازیارە یانەی ریال مەدرید لە گرێبەستە نوێیەكەدا مووچەی ساڵانەكەی بەڕێژەیەكی زۆر بۆ زیاد بكەن و تەنانەت لە مووچەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەش زیاتر بێت.

رۆژنامەكە جەختی كردەوە كە رۆناڵدۆ داوای كردووە مووچە نوێیەكەی دوو ملیۆن یۆڕۆ لەسەر مووچەكەی میسییەوە بێت ئەویش بەهۆی ئەوە دەستكەوتە تاكییانەوە بووە كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەدەستیهێناوە.

رۆناڵدۆ هەروەها داواشی كردووە لە كاتی بەدەستهێنانی ناسناوی تاكی و تۆماركردنی گۆڵی زیاتر بۆ یانەی ریال مەدرید مووچە و پاداشتی زیاتری پێ بدەن.

جێی باسە میسی ئێستا مووچەی ساڵانەكەی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە برێتییە لە 35 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 20 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت لە ئەگەری بردنەوەی جام و ناسناوە گەورەكاندا.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م