بەهای پشكەكانی فەیسبووك لە یەك هەفتەدا 58 ملیار دۆلار دابەزی

:: AM:11:29:24/03/2018 ‌

دوای ئاشكرابوونی زانیارییەكی گرنگ، بەهای پشكەكانی فەیسبووك بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی. بەگوێرەی زانیارییەكە كۆمپانیای كمبریج ئانالیتكا بە خراپ سوودی لە زانیارییە كەسییەكانی بەكاربەرانی فەیسبووك وەرگرتووە.

بڕی ئەو زیانەی بە فەیسبووك كەوتووە دەگاتە ٥٨ ملیار دۆلار. كۆمپانیاكە توانیویەتی ئاگاداری زانیارییە كەسییەكانی ٥٠ ملیۆن بەكاربەری فەیسبووك بێت و هەندێك میدیاش دەڵێن كۆمپانیاكە لەو زانیارییانە بۆ كاریگەری خستنەسەر هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمەریكا سوودی وەرگرتووە.

مارك زۆكربێرگ دامەزرێنەری فەیسبووك دانی بەو راستییە نا، بۆیە وێڕای دەربڕینی داوای لێبوردن، سەرجەم پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای كمبریج ئانالیتكا هەڵپەسارد.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" دوای ئەمە هەشتاگێك لە تویتەر بڵاو كرایەوە و داوای لە بەكارهێنەرانی فەیسبووك كرد لەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە بكشێنەوە و بەشێك لە بەكاربەرانیش بۆ مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی چالاكییەكانی خۆیان لە فەیسبووك وەستاند.

پێنج رۆژ لەمەوبەر نرخی هەر پشكێكی فەیسبووك ١٧٦ دۆلار بوو، كەچی ئێستە هەر پشكێكی بە ١٥٩ دۆلار دەفرۆشرێت. فەیسبووك بە ملیاران پشكی هەیە و دابەزینی نرخی هەر پشكێكیش بە ملیاران دۆلار لە بەهای پشكەكانی فەیسبووك دادەبەزێنێت.





وشە - سلێمان تاشان