بەنزیما و بێڵ چارەنووسیان لە ریال مەدرید یەكلایی كردۆتەوە

:: AM:11:36:24/03/2018 ‌

هەردوو ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید كەریم بەنزیمای فڕەنسی و گاریس بێڵی ویڵزی چارەنووسی خۆیان لە وەرزی داهاتوودا یەكلایی كردۆتەوە دوای ئەوەی دەنگۆی رۆیشتنیان لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەكان بەشێوەیەكی زۆر بڵاو كرابووەوە.

ماڵپەڕی (برنابیۆ دیجیتاڵ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەنزیما هەرچەندە ئەمساڵ ئاستی یاریكردنی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و هەلی یاریكردنی تاڕادەیەكی زۆر كەم بووەتەوە، بەڵام بەمشێوەیەش ئارەزووی رۆیشتن لە یانەی ریال مەدرید ناكات تەنانەت ئەگەر یانەكە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێكی تریشدا بكات.

یەكێك لەو هێرشبەرانەی كە یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی بۆ دەدات، رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبیەری پۆڵەندی و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییە، سەرەڕای ئەوەش بەنزیما تا ئێستا هیچ پلانێكی بۆ جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید دانەڕشتووە.

سەبارەت بە گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی ئەو خۆی ئارەزووی گەڕانەوە بۆ خولی نایابی ئینگلیزی دەكات دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 یانەی تۆتنهامی جێهێشتبوو.

سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە: بێڵ بەو دۆخەی كە ئێستا لە ریزی یانەی ریال مەدرید پێیدا تێپەڕ دەبێت رازی نییە و هەوڵ دەدات بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەیەكی تردا لە خولی نایابی ئینگلیزی دووبارە دەست بە یاریكردن بكاتەوە.

چاوەڕوانیش دەكرێ یانەی ریال مەدرید رازی نەبێت بە كەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بێڵ بێت لە هاوینی داهاتوودا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م