ئەردۆغان بۆ ئه‌وروپا: سنوور بۆ په‌نابه‌ران واڵا ده‌كه‌ین


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە بڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا سەبارەت بە هەڵپەساردنی گفتوگۆکانی ئەو یەکێتییە بۆ بەئەندام وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا، زۆر تووڕە بووە و هەڕەشەشی کردووە ئەگەر ئەورووپا لەو هەنگاوانە بەردەوام بێت ئەوا دەرگاکان دەکاتەوە و  پەناخوازان بەرەو ئەورووپا دەنێرێت.

ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتانی تورکیا، ئەو هەڕەشەیەی لە ئەورووپا کردووە.

ئەو تەنانەت ژمارەی پەناخوازەکانیشی ئاشکرا کردووە کە لە تورکیا دەژین. بە گوتەی ئەردۆغان سێ تا سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارە یان پەناخواز لە تورکیان و ئەگەر بخوازێت ئەوا دەتوانێت دەرگاکانی رۆیشتن بەرەو ئەورووپا لەبەردەمیاندا بکاتەوە.

دوێنێ پێنجشەم پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا لە وەڵامی ئەو ژمارە زۆرە هاووڵاتییەی تورکیا لەدوای کۆدەتای ١٥ی تەمووز گرتووینی یان لە کارەکانیان دووری خستوونەتەوە، ئەو بڕیارەی دا. لەو کاتەوە ٣٦ هەزار کەس گیراون و ٧٥ هەزار فەرمانبەریش لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە. تورکیا ئەمە رەت دەکاتەوە و دەڵێت سەرجەمیان سەر بە بزووتنەوەی فەتحوڵا گولەن بوون و لە کۆدەتا بەشدارییان کردووە.

تورکیا لە کاتێکدا هەڕەشە لە ئەورووپا دەکات کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لەگەڵ ئەورووپا رێککەوتنی کرد هەموو ئەو پەناخوازانە وەربگرێتەوە کە بە نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە یۆنان و ئەورووپاش بەڵێنی داوە دوای جێبەجێکردنی ٧٢ مەرج ئەوانیش بە بێ ڤیزا رێگە بە هاووڵاتیانی تورکیا دەدەن سەردانی ئەورووپا بکەن.

ئەو بڕیارە نوێیەی ئەورووپا لەوانەیە دووبارە قەیرانی رۆیشتنی شەپۆلی پەناخوازان بەرەو ئەورووپای لێبکەوێتەوە.

سەرچاوە/زمانە



وشە - سلێمان تاشان


PM:02:48:25/11/2016




ئه‌م بابه‌ته 20570 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌