شۆخان دوای حهوت ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، ناپاكی لە هاوسەرەكەی دەكات و پەشیمانیش نییە و دەڵێ لە پێناو مانەوەی خۆی و منداڵەكانی ئەو كارەی كردووە، دوای ئەوەی بەتاوانی ناپاكی هاوسەرگیری خراوەتە گرتووخانە و دوای ئازادكردنی، هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی دەكات و سێ منداڵەكەی لێ دەستێنرێت، بەوهۆیەوە باری دەروونیی جێگیر نییە و چەندان جار هەوڵی داوە كۆتا بە ژیانی خۆی بهێنێت.
ئەو كچە پاش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ فەتاح دەكات لەگەڵ ماڵی خەسووی دەژیت، ماڵی خەسووی 16سەر خێزانن، سەرەتا زۆر داوای ماڵی جیا دەكات، بەڵام داواكەی نایەتە دی و چەندان جاریش سووكایەتی پێ دەكرێت و لێی دەدرێت لەلایەن خەسووی هاوسەرەكەی و شوبراكانیشیەوە. شۆخان بۆ "وشە" گوتی، ژیانی هاوسەرگیریم بەخراپتر لە هەموو خراپییەكان تێپەڕیوە. ئەو باسی چیرۆكی ژیانی لەگەڵ هاوسەرەكەی و چۆنیەتیی دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ خۆشەویستە كۆنەكەی دەكات و گوتی، نەمدەویست ژیانم تێك بچێت، بەڵام ئەگەر ئەوەم نەكردایە خۆم و منداڵەكانم لە برسا دەمردین.
زیاتر گوتی، سەرەتا هاوسەرگیریمان كرد بڕیار وابوو ماڵی جیام بۆ بكەن، چونكە ئەوان خێزانێكی زۆر قەرەباڵغ بوون، بەڵام هەر لە هەفتەی یەكەمەوە دایكی دەمكوتی كردم و پێی گوتم مەگەر بەسەر لاشەی مندا بچنە دەرێ لەو ماڵە، بەهەرحاڵ ژیام و بووم بە كۆیلەی دایكی و براكانی، ئەویش خۆی قەت لە فەرمانی ئەوان دەرنەدەچوو، دوای سێ ساڵ كە ئەوكاتە منداڵێكم هەبوو، لەگەڵ خەسووم بوو بە شەڕمان، ئەوكاتە شووبراكانم بەهەر پێنجیان بە قایش و شەق و زلە كەوتنە گیانم، ئەوەندەیان لێ دام بەقوربانی مردنیان كردم، مێردەكەم بەسەردا هاتەوە و خراپتری پێ كردم و بە ڕاكێشان منی بردە سەر شەقام و بە شۆفێری تاكسییەكەی گوت "ئەوە لەشفرۆشە و بەڕەڵایە، چیت دەوێ لەگەڵی بكە و دوای فڕێی بدە" من خزمەتكاری خۆی و دایك و خوشك و براكانی بووم، ئەویش پێی گوتم لەشفرۆش!
شۆخان دەچێتەوە ماڵی باوكی، دوو مانگ بەتۆراوی لە ماڵی باوكی دەبێت، دوای ئەو دوو مانگە بە پاڵەپەستۆی ماڵی باوكی ماڵی جیایی بۆ دەكەن، شۆخان دووپات لەوە دەكاتەوە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوەی داوە ژیانێكی نوێ دوور لە ناخۆشی لەگەڵ خێزانەكەی دوو لە دڕندەیی ماڵی خەسووی بەسەر ببات، بەڵام بەهۆی فەرامۆشی و بێباكی و نابەرپرسیاریەتی هاوسەرەكەی نەیتوانیوە.
دوای حەوت ساڵ لە هاوسەرگیری و بوون بە دایكی سێ منداڵ، شۆخان لەگەڵ خۆشەویستە كۆنەكەیدا پێوەندی دروست دەكاتەوە و ئەو جێی هەموو كەسێك بۆ خۆی و منداڵەكانی دەگرێتەوە، نایشارێتەوە و نكۆڵی لێ ناكات، دوای ئەوەی لە هەموو ڕوویەكەوە لە هاوسەرەكەی بێ هیوا بووە، پێوەندی بە زانا خۆشەویستە كۆنەكەیەوە كردووە و دووبارە پێوەندییان داناوەتەوە، ئەو ئاماژە بەوەش دەكات لەو ماوەیەی كە ماڵی جیای هەبووە، هەر بە خێری خەڵك و یارمەتییەكانی ماڵی باوكی ژیاوە، ئەگەر نا هاوسەرەكەی ئەوەی دەستی كەوتووە هەمووی داوەتە دایكی.
شۆخان لەبارەی خۆشەویستەكەی گوتی، بێزار بووم لە هەموو شتێك منداڵەكانم بە دوو هەفتە خواردنێكی خۆشیان نەدەخوارد، كوڕە بچووكەكەم خەریك بوو چاوی لە دەست بدات، چونكە خواردنی باشی پێویست بوو، ناچار بووم پێوەندی بەو كوڕە بكەم كە پێش هاوسەرگیری پێوەندیم لەگەڵیدا هەبوو، دوای ئەوەی داوای كردم باوكم ڕازی نەبوو هاوسەرگیری لەگەڵ بكەم، دەمزانی ئەو باری ئابووری باشە و زۆر جێی متمانەش بوو، ئەو كاتێك حاڵی منی زانی بێ ئەوەی هیچ بڵێم، هەموو شتێكی بۆ خۆم و منداڵەكانم دابین كرد، مێردەكەم هەموو ڕۆژ دەهاتەوە سەر سفرەی حازر، ئەگەر پیاو بووایە دەیپرسی من پارەت نادەمێ ئەو سفرە حازر و گەرمە بەچی و چۆن؟!
ئەو ژنە هێما بۆ ئەوەیش دەكات، ماوەی سێ ساڵ پێوەندی لەگەڵ زانا دەبێت، هەموو خەرجی ماڵ و منداڵیشی لە ئەستۆی زانا دەبێت بەڕادەیەك دەرچوون و گەشتیشیان دەبێت، ئەو دەڵێت هاوسەرەكەی یان هەستی نەكردووە یان زانیویەتی و باردۆخەكەی قبووڵ بووە، تا ئەوكاتەی دراوسێكان دەچنە لای هاوسەرەكەی و ئاگاداری دەكەنەوە كە ئەو پیاوە زۆر هاتوچۆی ماڵیان دەكات كاتێك ئەو لە دەوامە، دوای ئەو كاتە شۆخان چاوەڕوانی كاردانەوەی هاوسەرەكەی ناكات، خۆی دەچێتە داڵدەی ژنان، دوای ماوەیەك هاوسەرەكەی لە دادگا داوای لەسەر تۆمار دەكات بەتاوانی ناپاكی هاوسەرگیری و ماوەی ساڵێك دەگیرێت.
شۆخان باسی ژیانی لە داڵدەی ژنان و شەڵتەردا دەكات و دەڵێ، دوو جار لە شەڵتەر و سێ جاریش لە گرتووخانە هەوڵی خۆكوشتنم دا، بەڵام سەركەوتوو نەبووم، چونكە منداڵەكانیان لە من ستاندەوە و دایان بە باوكیان، دەزانم ژیانیان دەفەوتێ لەگەڵ باوكێكی نامرۆڤ و ئەو خێزانە قێزەون و دڕندەیەدا، ماڵی باوكم وەریان نەگرتمەوە و حاشایان لێ كردم، زانا تاكەكەس بوو لە گرتووخانەیش سەردانی دەكردم و لەوێش چاوی لێ بووم، كاتێك ئازاد كرام ڕاستەوخۆ مارەی كردم، ئێستە لەگەڵ ئەو ئاسوودەم، بەڵام بۆ منداڵەكانم ناخم دەسووتێ باری دەروونیم خراپە و زۆرجار بیر لە خۆكوشتن دەكەمەوە.
ههولێر/ئیڤان عهبدوڕهحمان.