ئه‌مساڵ حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی دژی ژنان لە كوردستان کەمی کردووە

:: PM:04:25:25/11/2016 ‌

ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ر بە  ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ناسراوە کە نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 1999 دەستنیشانی کرد. ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە ئاستی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە کوردستان رووی لە کەمی کردووە.

نەقیب ڕێباز زیوەر گوتەبێژی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی  توندوتیژی دژی ژنان لەپارێزگای هەولێر بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات كە لە 10 مانگی ئەمساڵدا ئاستی توندوتیژی دەرحەق بە ژنان بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە كەمی كردووە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی نەقیب رێباز خستیەڕوو، حاڵەتەکانی كوشتن لە ساڵی رابردوودا 19 حاڵەت بووە بەڵام ئەمساڵ بووەتە نۆ حاڵەت. حاڵەتەکانی خۆكوشتن لە ساڵی رابردوودا 22 حاڵەت بووە بەڵام هیی ئەمساڵ ٢١ حاڵەتە. دەستدرێژی سێکسیش لە ١٣ حاڵەت بۆ ١٢ کەمی کردووە.

هەڵبەت حاڵەتەکانی سووتان بە هۆکاری جیاواز لە ٥٤ بۆ ٧٥ زیادی کردووە. ئەم گوتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان ئەوەش دەخاتە ڕوو كە پار ساڵ دوو هەزار و 348 سكاڵا لای ئەوان تۆمار كراوە بەڵام ئەمساڵ دوو هەزار و 203 سكاڵا تۆمار كراوە و  145 سكاڵا كەمی كردووە .

شێوازو جۆری توندوتیژییەكان بەرامبەر ئافرەتان کۆمەڵێک جۆر لەخۆ دەگرن لەوانە توندوتیژی دەروونی ، جەستەیی ، سێكسی، كوشتن لەسەر شەڕەف ، هەڕەشە و قسەی رەق.

هۆكارەكانی توندوتیژی بە گوتەی ئەو بەرپرسە جیاوازن، نەگونجانی تەمەن لە نێوان هاوسەران ، خراپ بەكارهێنانی مۆبایل ، خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەیجەكان ، داواكاری زۆری ئافرەت لە پیاوەكەی  و هۆكاری ئابووری بەشێکن لەو هۆکارانە.

نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژە بەوەش دەكات توندوتیژی دژی ئافرەتان زۆرتر لەو وڵاتانە دەبینرێ‌ كە لە ناو جەنگ دان و لە دۆخێكی ناسەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەژین، عیراق ، فەلەستین، سووریا ، لیبیا  و میسر نموونەی ئەو وڵاتانەن.


بەگوتەی نەتەوەیەکگرتووەکان 70% ی  ژنان لە وڵاتانی جیهان  لە ماوەی ژیانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، رێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوربانی توندوتیژین.

هەولێر/هێمن ڕەفیق  



وشە - سلێمان تاشان