هێرشی هێزەكانی عێراق بۆ ڕزگاركردنەوەی مووسڵ لە پێنجەم هەفتەیدایە و بەرپرسە باڵاكانی سوپا و حكوومەتی عێراقیش تووشی كێشەیەكی گەورە بوونەتەوە، ئەویش بریتییە لەوەی سەربازانی ڕیزەكانی سوپای عێراق بەجێ دەهێڵن و دەچنە نێو ریزی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەهۆی ئەوەی پێگە و دەسەڵاتی میلیشیاكان لەسەرووی پێگەی حكوومەت و دەوڵەتی عێراقدایە.
ئەفسەرێكی وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغداوە ڕایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 200 سەرباز لە شەش فیرقەی جیا جیای سوپای عێراقەوە كە زۆرینەیان لە فیرقەی نۆ و 16ەن خزمەتی سەربازیان بەجێهێشتووە لە ڕیزەكانی سوپای عێراق و پێوەندییان بە هێزە جیا جیاكانی ڕیزی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كردووە كە گرنگترین ئەو هێزانەی نێو حەشدی شەعبیش كە سەربازانی سوپای عێراقیان لە خۆ گرتووە، بریتین لە میلیشیاكانی "حزبوڵا، بەدر، خوراسانی، عەسائیبی ئەعلی هەق، نوجەبا".
ئەو ئەفسەرە دەڵێ، ژمارەی دەوام نەكردنی ئەندامان و سەربازانی ڕیزی سوپا رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێ، لە نێویاندا ئەفسەرانی پلە پێ بەخشراو، كە لەسەردەمی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەبێ ئەوەی كۆلێژی سەربازیان تەواو كرد بێ، پلەیان لە جێگری عەریف و جێگری ئەفسەرەوە بۆ ئەفسەر بەرزكرایەوە كە ژمارەیان زیاتر لە 20 هەزار كەس دەبوو.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەمەریكا هەموو پشتیوانییەكی عێراق دەكات بۆ دووبارە بنیادنانەوەی سوپایەكی پیشەیی، بەڵام بنیادنانی سوپایەكی لەوشێوەیە لەكاتێكدا لەگەڵ تیرۆریستان لە شەڕدایە و هاوكات پێگەی ئێرانیش لە ڕێی میلیشیاكانەوە لەوپەڕی بەهێزیدایە، كارێكی یەكجار قورس و ئەستەمە، بەتایبەت كە میلیشیاكان ئێستە خاوەنی تانك و چەكی قورسن و دەسەڵاتی باڵایان لە عێراق هەیە.
كێشەیەكی تری سوپای عێراق ئەوەیە كە لە هەموو پێكهاتەكاندا نییە، هەرچەندە بەگوێرەی دەستووری عێراق پێویستە سوپای عێراق لە پێكهاتەی سونە و شیعەی عەرەب و كورد و مەسیحی و توركمان و ئاشووری و تەواوی پێكهاتەكانی تری عێراق پێك بێ، بەڵام لە سەردەمی نووری مالیكی ئەفسەرانی كورد و سونە كەوتنە بەر شاڵاوی دوورخستنەوە و پەراوێزخستنیان، هەروەها بنكەی وەرگرتنی سەرباز لە باكور و ناوەڕاستی عێراق داخران و لە باشووریش بەردەوام شیعەكان بۆ ڕیزی سوپا وەردەگیران، ئەمەش تەواو سوپایەكی تائیفی دروست كردووە.
ئەفسەرێكی تر لە سوپای عێراق ڕوونی كردەوە، دیاردەی هەڵاتنی سەربازان لە ڕیزی سوپا بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە، گرنگترینیان بریتییە لەوەی ئیمتیاز و پارەی میلیشیاكان لە هی سوپا زیاتر و باشترە، بەوهۆیەوە ئەوان ڕیزەكانی سوپا بەجێ دەهێڵن و پێوەندی بە میلیشیاكان دەكەن، كە هەم لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە پارەیەكی باشیان پێ دەدرێ، هەم لەلایەن ئێرانیشەوە كۆمەك دەكرێن.
سەرچاوە/رۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید.