ئەستێرەیەكی هیندی كه‌وت

:: AM:10:37:26/03/2018 ‌

دوای ئەوەی ویستوویەتی لە بۆنەیەكدا لەسەر باڵەخانەیەك خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، ناتاشا سووریی ئەكتەر و نمایشكار گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و بەڕێكەوت لەو رووداوە رزگاری بوو.

پێگە هونەرییەكانی بۆڵیوود و بەتایبەتی ئێم بی سی بۆڵیوود رایان گەیاندووە، ناتاشا سووری كە ئەكتەر و نمایشكاری جلوبەرگ و هاوكات شاجوانی ساڵی 2006ی هیندستان بوو، لە ئەندەنووسیا خەریكی وەرزشی "بانجی جەمپ" بووە كە ئەو وەرزشە تایبەتە بە خۆهەڵدانە خوارەوە لەسەر گوریس. لەسەر گوریسەكە خۆی پێ نەگیراوە و بە نائاسایی كەوتووەتە خوارەوە.

پێگەكە روونی كردووەتەوە كە كەوتنی ئەو ئەستێرەیە لە بەرزایی 200 پێ بووە و كەوتنەكەی زۆر مەترسیدار بووە، بەڕێكەوت كەوتووەتە ناو ئاوێكی قووڵ، دوای ئەوەی لەناو ئاوەكە دەریانهێناوە، راستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ كراوە، چونكە لە چەند شوێنێكی جەستەی ئازاری پێ گەیشتووە، بەڵام مەترسیی مردنی لێ دوور كەوتووەتەوە.

ناتاشا سووری كە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 33 ساڵ، لە تەمەنی 16 ساڵییەوە وە نمایشكار دەركەوت و دواتر لە سینەما رۆڵی بینیوە، بەشداریی لە زیاتر لە 10 فیلمی سینەمایی لە دنیای بۆڵیوود كردووە و بە یەكێك لە ئەستێرە ناودارەكانی هیندستان ناو دەبرێ.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د