كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاش دواخستنی بۆ ماوەی نیو سەعات، ئێستە دەستی پێ كردووە و بڕیارە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بدرێت و بزووتنەوەی گۆڕانیش دەنگی پێ دەدات.
بەگوێرەی كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ شەمووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بڕگەی دووەمدا پرۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەكانی سەر بەو دەستە دەخرێتە دەنگدانەوە و دواتریش پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2017ی عێراق و پرۆژە یاسای چەك دەنگیان لەسەر دەدرێت.
لە بەشێكی تری كارنامەكەدا هاتووە، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای لێبوردنی گشتی دەدرێ، گفتوگۆ و راپۆرت لەسەر پرۆژە یاسای دەستەی عێراق بۆ دڵنیایی دەخرێتەڕوو.
هەروەها لە بڕگەی كۆتاییدا، بڕیارە راپۆرت و گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای رێكخستنی ئاژانسی بازرگانی تاوتوێ بكرێت.
پەرلەمانی عێراق لە كۆتا وەرزی دانیشتنی ئەمساڵیدایە و بڕیارە دوای كۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان تا مانگی یەكی ساڵی 2017 بچێتە پشووەوە و كۆبوونەوەكانی دەوەستێت.
مەسعوود حەیدەر پەرلەمانتاری گۆڕان بە میدیاكانی عەرەبی ڕاگەیاندووە، ئەوان دەنگ بە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەدەن، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بهێنێ و جێگیر بكرێت.