یاسای حەشدی شەعبی پەسند كرا

:: PM:01:52:26/11/2016 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر لە ناو پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەموو پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمانی عێراق خرایە دەنگدانەوە و بەكۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو پەسند كرا و بوو بە یاسا و داواش لە حكوومەتی كرا كە جێبەجێی بكات.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی بەسەرۆكایەتیی سەلیم جبووری و ئامادەبوونی 200 پەرلەمانتاری عێراق ساز كرد و دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی یەكێك بوو لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكە.

عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە یەكێك بوو لە ئامادەبووانی دانیشتنەكە ستایشی رۆڵی حەشدی شەعبی لە جەنگی مووسڵ و جەنگەكانی تری دژ بە داعشی كرد و رای گەیاند، پەرلەمان ئەركی خۆی لە بەرامبەر ئەو هێزە جێبەجێ كرد كە كەرامەتی عێراقییەكانی پاراستووە.

پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی لەناو ناڕەزایی سونەكان و سووربوونی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) بۆ تێپەڕاندنی هات كە سەلیم جبووری داوای دواخستنی خستنەڕووی بۆ دووشەم كرد، بەڵام پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی نیشتمانی رازی نەبوون.

پێنجشەم عەبدولواحید سەعداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكەی رازی بووە بەوەی رێژەی سونە لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبی 30% بێت و ئاماژەی كرد كە هەندێك لایەنی ناو یەكێتیی هێزە نیشتمانییەكانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە.

دووپاتی كردەوە كە خواستێكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی نیشتمانی هەیە بە تێپەڕاندنی یاساكە رۆژی شەموو لە پەرلەمان، بەشێوەیەك ئەو هێزە بكرێتە دەزگەیەكی تەناهی سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان.

سەعداوی دووپاتی كردەوە كە ژمارەیەك لە سەرانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە بەوەی داوا دەكەن كە 40%ی حەشد بۆ پێكهاتەی سونە بێت و ناوی یاساكەش تەنیا یاسای حەشد بێت و هێزەكانیش پێوەست بن بە ناوچەكانەوە نەوەك لەسەر ئاستی عێراق بەهاوشێوەی پاسەوانی نیشتمانی كە پێشتر داوایان دەكرد و هێزەكەش سەر بە وەزارەتە تەناهییەكانەوە بێت نەك دەزگەیەكی سەربەخۆ و ئەو داوایانەش رەت كراوەن.

ئەو پەرلەمانتارە شیعە دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتمانی تەنیا رازی بووە كە رێژەی سونە لەو هێزانە 30% بێت و رێژەكەی تریش بۆ پێكهاتەكانی تر بێت. 

رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سونە رای گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان لە بەرامبەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی روونە و ئەگەر هاوپەیمانی نیشتمانیش بیەوێ تێپەڕی بكات لە پەرلەمان بەو شێوەی ئێستەی ئەوە دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی و هەموو بژارەكانیش لە بەردەمی ئەوان كراوە دەمێننەوە.  

ساجیدە ئەفەندی پەرلەمانتاری سونە لای خۆیەوە رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتەكەی لە دژی پێشنیاری یاساكە نییە، بەڵام ئەوان داوا دەكەن كە رێژەی بەشداریكردنی حەشدی هۆزەكان لە چوارچێوەی یاساكە زیاد بكرێت وەك مەرجێك بۆ رازیبوون بە تێپەڕاندنی یاساكە، كە ئەوەیان یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی لەبارەی یاساكەوە.

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل